رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین داوا لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەن سەردانی پارێزگای سەلاحەدین و قەزای خورماتوو بکات. بەگوتەی بەشداربووێکی کۆبوونەوە سەرۆک بارزانی بۆ خۆشی و بە پێکەنینەوە پرسی "سەرەتا سەردانی خورماتوو، یان سەلاحەدین؟"
رۆژی دووشەممە 24ی ئابی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کرد. نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەکەدا کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەولێر وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی کارگێڕیی و مرۆیی، دەکرێت کلیلی چارەسەری زۆر لە کێشەکانی ناوچەکانیان بێت.
تارە جەلال داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی نێوەڕۆکی سەردانەکەیان ئەمڕۆ دووشەممە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن لە سەرجەم پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووینەوە. ئامانجی سەرەکیمان سوودوەرگرتن بوو لە ئەزموونی جەنابی سەرۆک و لە نزیکەوە گوێگرتن لە بۆچوون و سەرنجەکانی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و داهاتووی ناوچەکە."
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێک دێت، دوو ئەندامیان کوردن.
تارە جەلال داودی، رایگەیاند، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانیان، سوودوەرگرتن بووە لە مۆدێلی بەڕێوەبردنی پارێزگای هەولێر، بەتایبەت لە رووی پاکوخاوێنیی، جێبەجێکردنی پرۆژەکان، ئاوەدانی و جێبەجێکردنی یاساوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە بە فەرمی سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە لە کاتی هێرشی داعشدا، هەرێمی کوردستانی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکانی سەلاحەددین. ئەو ئەندامە، لەمبارەیەوە گوتی: "سوپاسی جەنابیمان کرد کە دەرگای هەرێمی کوردستانی بۆ هەمووان کردەوە و دواتر هیچ ئاوارەیەک ناچار نەکرا بە زۆر بگەڕێتەوە زێدی خۆی، ئەوەش نموونەیەکی باڵای مرۆڤدۆستی بوو."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک بارزانی "جەختی لە گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دوورکەوتنەوە لە رق و کینە کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە هەموو کێشەکان بە دیالۆگ و تەبایی چارەسەر دەکرێن".
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، وردەکارییەکی سەرنجڕاکێشی کۆبوونەوەکەی بۆ رووداو باس کرد. بە گوتەی یاسین محەممەد عەلی، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن، لەوانە عاتف نەجار، داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە سەردانی پارێزگاکەیان و بەتایبەت قەزای خورماتوو بکات بۆ بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان.
یاسین محەممەد عەلی، کە نوێنەری قەزاکەیە گوتی: "کاک مەسعوود بەڵێنی دا لە دەرفەتێکی گونجاودا سەردانەکە بکات و بۆ خۆشی و بەپێکەنینەوە گوتی: باشە کە هاتم سەرەتا سەردانی خورماتوو بکەم یان (تکریت) سەلاحەدین؟"
عەتاف نەجار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، تورکمانی شیعە مەزهەبە، سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
قەزای خورماتوو، یەکێکە لەناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر رووبەڕووی دۆخی سەخت و دژوارد بوەوە، ژمارەیەکی زۆری کورد قەزاکەیان بەجێهیشت و خانوێکی زۆری کورد تاڵان و سووتێنرا .
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی، لە گوتەیەکدا کورتەیەکی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بۆ ئامادەبووان باس کردووە.
سەرۆک بارزانی، تیشکی خستووەتە سەر خاڵێکی جەوهەری و گوتوویەتی: "سوپاس بۆ خودا رژێمەکانی پێشووی عێراق نەیانتوانی ناکۆکییە سیاسییەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتەکان، بکەنە ناکۆکیی نێوان گەلانی عێراق."
سەرۆک بارزانی، باسی لە عێراقی دوای ساڵی 2003 کردووە و گوتوویەتی: "دەستووری عێراق نەخشەڕێگەیەکی گونجاوە" بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی ئێستا لە ئارادان.
هەر لە سەردانەکەدا، شاندی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە. لەوێشدا جەخت لەسەر هاوئاهەنگیی کارگێڕیی نێوان هەردوو پارێزگا کرایەوە، بە ئامانجی گواستنەوەی ئەزموونی هەولێر بۆ ناوچەکانی سەلاحەدین.


