رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە رایدەگەیێنێت، قۆناخێکی نوێی کارگێڕی و دادوەری لە پارێزگاکە دەستپێدەکات و تێیدا فەرمانبەران و دادوەرانی رێڤەبەریی خۆسەر و حکومەتی سووریا یەکدەخرێن. دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی نوێی ناحیە و شارەوانییەکان دەستبەکار دەبن.
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، لە دیمەشقەوە بە نوشێن حەمێ، ئیدیتۆر لە دیسکی رۆژئاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز و "ئەرێنی" لەگەڵ وەزیرانی حکومەتی سووریا کردووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەی نوێی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە کە لە چوارچێوەی "رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم"دا هاتووە.
پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت لە حەسەکە، کە ئەرکی یەکخستنی دامەزراوەکانی نێوان رێڤەبەریی خۆسەر و حکومەتی سووریا دەبێت.
نوورەدین ئەحمەد گوتی: "ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئەرکی جێگیرکردنی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی دەکەوێتە ئەستۆ کە دەکەونە نێو پڕۆسەی یەکخستنەکەوە، تاوەکو بە فەرمی گرێبەستیان بۆ بکرێت و کێشەی مووچەکانیان چارەسەر بکرێت."
سەبارەت بە کەرتی دادوەری، پارێزگاری حەسەکە تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ یەکخستنی دادوەران و فەرمانبەرانی دەستەی دادپەروەریی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ سیستمی دادوەریی دەوڵەت و رایگەیاند: "گفتوگۆی جیدی کراوە و بەمزووانە کۆشکی داد لە پارێزگای حەسەکە چالاک دەکرێتەوە و دەستبەکار دەبێت."
لەبارەی دۆخی کارگێڕی و پەروەردەیی، نورەدین ئەحمەد ئاشکرای کرد کە لەگەڵ وەزیری پەروەردەی سووریا پلانیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن داڕشتووە بە جۆرێک گەرەنتیی مافی خوێندنی هەموو پێکهاتەکان بکرێت.
هەروەها مژدەی ئەوەی دا کە پرسی دیاریکردنی بەرپرسانی نوێی ناحیەکان و نووسینگە جێبەجێکارەکان یەکلایی کراوەتەوە و گوتی: "بەڵێن دەدەم لە هەفتەی داهاتوو تێپەڕ نەکات، بەرپرسانی نوێی ناحیە و شارەوانییەکان دەستبەکار دەبن."
ئەم گۆڕانکارییە ریشەییانە دوای رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم دێن، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دوو ئیدارەیی و رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی پارێزگای حەسەکە لە ژێر یەک چەتردا.

