رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندێکی سەر بە شارۆچکەی ئەزگەلە لە پارێزگای کرماشان، دەڵێن ماوەی 10 ساڵە بێ ئاون و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پەنا دەبەنە بەر کانیاوێکی دوور لە گوندەکەیان.
جگە لە بێ ئاوی، گوندەکە لە خزمەتگوزارییەکانی گاز، ئینتەرنێت و رێگەوبانیش بێبەشە.
هاونیشتمانییەک لە گوندی داری زەنگەنەی شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ماوەی 10 ساڵە گوندەکەیان بێ ئاوە و خەڵک ناچارن لە دەرەوەی گوندەکە ئاو دابین بکەن.
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، 10 ساڵە خەڵکی گوندەکە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی گوندەکە بە تایبەتی بێ ئاوی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێک و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە.
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە خەڵک بۆ دابینکردنی ئاو ناچارن بە پێ یان بە ئاژەڵ دوو کیلۆمەتر ببڕن لە کانیاوێک ئاو بهێنن. گوتیشی هەندێک لە خەڵک هەیە رۆژانە زیاتر لە دوو جار ئەو رێگەیە دەبڕێت بۆ دابینکردنی ئاو.
هاونیشتمانییەکە دەشڵێت: جگە لە بێ ئاوی گوندەکەیان کێشەی نەبوونی گازی ماڵان، ئینتەرنێت، کەمی کارەبا و رێگەو بانی هەیە و داوا لە بەرپرسان دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
خەڵکی گوندەکە دەڵێن، بەرپرسانی حکومەت چەندین جار بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێداون، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە.
گوندی داری زەنگەنە، لە ناوچەی ئەزگەلەی سەلاسی باوەجانی هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 200 کەسە.




