رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان، شوێنەوارناسان پەیکەرێکی ناوازەیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ 11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. پەیکەرەکە شێوەی مرۆڤێکە کە لەسەر پشتی "پڵنگێک" دانیشتووە، کە بە یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکانی سەردەمی بەردینی نوێ دادەنرێت.
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، رۆژی دووشەممە 24ـی ئابی 2026، رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "میرات بۆ داهاتوو"، شوێنەوارناسان لە ناوچەی مێژوویی (گرێ کەچەڵ) لە پارێزگای رووها، پەیکەرێکی ناوازەیان دۆزیوەتەوە.
وەزیری کولتوور لەبارەی وردەکاریی پەیکەرەکە گوتی: "پەیکەرەکە بەرزییەکەی 70 سانتیمەترە و کەسێک نیشان دەدات کە لەسەر پشتی پڵنگێک دانیشتووە. ئەم پارچە شوێنەوارە لەسەر سەکۆیەکی بەردینی تەخت دۆزراوەتەوە کە تیرەکەی سێ مەترە."
بە گوتەی ئەرسۆی، ئەم دۆزینەوەیە تەنیا پارچە بەردێک نییە، بەڵکو "دەرگای پرسیار و لێکۆڵینەوەی نوێ لەسەر قۆناخە سەرەتاییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەکاتەوە" و لە ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت.
شوێنەواری (گرێ کەچەڵ) کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای رووها، لەگەڵ شوێنەواری بەناوبانگی (گرێ مرازا - گۆبەکلیتەپە)، بە کۆنترین ناوەندەکانی نیشتەجێبوون و ژیانی شارستانیی مرۆڤ لە سەردەمی بەردینی نوێ دادەنرێن.
شارەزایانی شوێنەوارناسی پێیانوایە، تاشینی مرۆڤێک لەسەر پشتی ئاژەڵێکی راوکەری وەک پڵنگ، بەڵگەیەکی روونە لەسەر گەشەسەندنی هونەر، ئایین و توانای بیرکردنەوەی داهێنەرانەی مرۆڤی ئەو سەردەمە لە باکووری کوردستان، کە دەکرێت تێگەیشتنەکانی پێشووی مێژوونووسان بگۆڕێت.




