رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەمریکا دەکات بۆ دەرهێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر و دەڵێ، "هەنگاوێکی گرنگە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) پەیامێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "پێشوازی لە بڕیاری ئەمریکا دەکەم بۆ دەرهێنانی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە بووژانەوە، سەقامگیری و گەشەسەندنی سووریا و گەڕانەوەی بۆ رۆڵی سرووشتیی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە، "ئەم هەنگاوە بەشداربێت لە بونیادنانی ئاییندەیەکی ئارام کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێت و، ئاسۆی بەرفراوانتر بکاتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بواری جیاجیادا، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات."
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای 47 ساڵ ئەمریکا بڕیاری دا ناوی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە دەربهێنێت کە بە پاڵپشتیکاری تیرۆریان دەزانێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ سووریا پەڵەیەکی رەش لە کۆڵی خۆی دەکاتەوە و لاپەڕەیەکی پڕ لە ئازاری رابردووی دەدڕێنێت، بۆ ئەوەی دەست بە قۆناخێکی نوێ لە گەشەپێدان و بنیاتنانەوە بکات."
ئەم هەنگاوەش بە وەرچەرخانێکی گەورە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دادەنرێت.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پێشوازی لە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم بۆ دەرهێنانی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە بووژانەوە، سەقامگیری و گەشەسەندنی سووریا و گەڕانەوەی بۆ رۆڵی سرووشتیی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.
هیواخوازین ئەم هەنگاوە بەشداربێت لە بونیادنانی ئاییندەیەکی ئارام کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێت و، ئاسۆی بەرفراوانتر بکاتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بواری جیاجیادا، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.



