رووداو دیجیتاڵ
لە دوو کاژێردا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان 8 بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لەنێوان 1.3 تاوەکو 4.2 پلەی رێختەر روویاندا. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی فریاگوزاری ناسراو بە ئافاد، شەوی رابردوو لە سنووری شارۆچکەی سینجیک لە پارێزگای سەمسوور، لە نزیکەی دوو کاژێردا 8 بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک روویانداوە.
گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.3 تاوەکو 4.2 پلەی رێختەر بوو، ئەوەش دڵەراوکێی لای دانیشتووان دروست کرد.
تیمەکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی فریاگوزاری، گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەکە دەستپێکرد. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیش هیچ زیانیکی گیانی و مادی لە ناوچەکەدا تۆمارنەکراوە.
پارێزگای سەمسوور دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە یەکێکە لە هێڵە چالاکەکانی بوومەلەرزە لە ناوچەکە.
لە شوباتی ساڵی 2023دا دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر باکووری کوردستانیان هەژاند کە بە گوڕی 7.6 و 7.7 پلەی رێختەر بوون. بوومەلەرزەکان بوونەهۆی گیانلەدەستدانی 8 هەزار و561 کەس و بریندار بوونی 17 هەزار و 499 کەس.



