رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی راگەیاند، کە یەکێکیان منداڵێکی 10 ساڵانە. منداڵەکە لە نێو نەخۆشخانەدا و لەو کاتەی باوکی خەریکی چارەسەر وەرگرتن بووە، ئۆتۆمبێلی یاریدەدەرێکی پزیشکی دزیوە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باوکی منداڵێک لەگەڵ دراوسێکەیان شەڕی کردووە و بە گوللە بریندار بووە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، منداڵە 10 ساڵانەکەی کە لەگەڵی بووە، سویچی ئۆتۆمبێلی ئەو یاریدەدەرە پزیشکەی دزیوە، کە خەریکی چارسەرکردنی باوکی بووە."
بە گوتەی عامر نووری، منداڵەکە دوای دزینی سویچەکە، چووەتە گەراجی نەخۆشخانەکە و ئۆتۆمبێلەکەی دزیوە، بەڵام کاتێک ویستوویەتی لە نەخۆشخانە بچێتە دەرەوە، پۆلیسی نەخۆشخانەکە گومانیان لێکردووە و وەستاندوویانە و دەستگیریان کردوووە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کوڕێکی دیکەی 19 ساڵان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە چاوەڕێی منداڵەکەی کردووە. گوتیشی: "ئەوان باندێکی چوار کەسین و ئێستا دووانیان دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەشدا بەردەوامە."
لە بارەی پێشینەی ئەو منداڵە، عامر نووری گوتی، پێشتر چەندین ماتۆرسکیلی دزیوە.
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزاکانی عێراق، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت


