رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی پسپۆڕ و تەکنیکی دەستنیشاندەکات و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات رەزامەندی بدات لەسەر چوونی شاندەکە بۆ بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی 2027ـی عێراق. بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە (60) کە لە 24ـی ئابی 2026 دەرچووە و واژۆی د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی لەسەرە؛ داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە رەزامەندی بدات لەسەر چوونی شاندێکی لیژنەیەکی چوارکەسی بۆ بەغدا لە 26ـی ئابی 2026. کۆپییەکی نووسراوەکە دەست رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە: "بەمەبەستی تاوتوێکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2027ـی عێراق، داواکارین لە بەڕێزتان کە رەزامەندی بفەرموون بە شاندکردنی ئەو کەسانەی ناویان لە نووسراوەکەدا هاتووە." بەگوێرەی نووسراوەکە شاندەکە دەبێت رۆژی 26ـی ئابی 2026 لە بەغدا بن. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندەکە گەیشتووەتە بەغدا و دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردووە. شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکدێن لە: مەهدی عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلانی پرۆژەکان (سەرۆکی لیژنە). د. موسلح فەتاح محەممەد، لە فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون (ئەندام). ئەحمەد جەمیل شێخۆ، بەڕێوەبەری کەڵکی ئابووریی پرۆژەکان (ئەندام). هەکار موحسین سابیر، نوێنەری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری (ئەندام).