رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 38 ساڵ بەسەر پرۆسەی شۆم و تاوانکاریی ئەنفالدا، ناسنامەی
هەشت رووفاتی شەهیدانی بادینان راگەیەندرا، کە ساڵێک پێشتر لە گوندی مێرگەتیی سەر
بە ناحیەی سەرسنگ گۆڕەکانیان هەڵدرابوونەوە و کەسووکاریان چاوەڕوانی ئەنجامی
پشکنینی دی ئێن ئەی بوون.
گۆڕەکان هەریەکەیان کۆدێکی تایبەتیان هەبوو تاوەکو لە رێگەی پشکنینەکانەوە
ناسنامەکانیان جێگیر کران.
محەممەد عادل، کوڕی شەهیدێک لەبارەی ئاشکرابوونی ئەنجامەکەوە بە رووداوی
گوت: "دوای ئەوەی رووفاتەکانیان دەرێنا، وەک ئەوە بوو لەو رۆژەدا بۆ من ساخ
بووبنەوە. دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانیش کاتێک زانیمان کامیان رووفاتی کەسمانە،
زۆر پێخۆشحاڵ بووم."
هەروەها ئەحمەد حەمید، کوڕی شەهیدێکی دیکە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە
تازە ئارام بووینەوە و زانیمان تەرم و گۆڕی ئەوان کامەیە."
ئەم ئاشکراکردنەی ناسنامەی رووفاتەکان لە چوارچێوەی مەراسیمێکی بەرفراواندا
بوو بۆ ساخکردنەوەی 38 ساڵەی ئەنفالی بەهدینان. لە بڕگەیەکی مەراسیمەکەدا رێز لە
تیمێکی پزیشکی خەڵکی هەولێر گگیرا کە لە کاتی ئەنفالدا لە ناوچەی جێژنیکان
چارەسەری خەڵکی بادینانیان کردبوو.
د. ناسر هەرکی، پسپۆڕی یاسایی لەبارەی ئەو بیرەوەرییانەوە بە رووداوی گوت:
"ئەو شتەی هیچ کات لە بیرم ناچێت ئەوەیە کاتێک دەممبینی زارۆک بە سکچوون و رشاندن
لە بەرچاوما دەمردن و نەماندەتوانی هیچیان بۆ بکەین. ئەوەی لە دەستمان هات بۆمان
کردن و تاوەکو مابین لە خزمەتی گەلەکەی خۆماندا دەبین."
قۆناغی هەشتەمی ئەنفال لە بادینان لە 25ی ئاب تاوەکو 6ی ئەیلولی 1988
بەردەوام بوو و زیانێکی مرۆیی و ماددی زۆری بە ناوچەکە گەیاند.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی زیانەکانی ئەو تاوانەوە بە رووداوی
راگەیاند: "لەو چەند ڕۆژەدا حکومەتی عێراق 488 گوندی ناوچەکەی لە پارێزگای
دهۆک و نەینەوا وێران کرد، 34 گوند لە ڕۆژی 25ی ئابدا کیمیاباران کران و زیاتر لە
30 هەزار مرۆڤیش بە دیل گیران."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی دهۆک، تاوەکو
ئێستاش رووفاتی 1,550 کەسی ئەنفالکراوی بادینان بێسەروشوێنن و چارەنووسیان دیار
نییە.



