رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی، پیشەسازی، ئاوەدانکردنەوە و کارەبا و وزە دەستیپێکرد. ئەم پێشانگەیە کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بە یەکێک لە گرنگترین پێشانگەی بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پڕۆژەکەیە.
لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 450 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەشدارن، کە تێیدا نوێترین کەلوپەلی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، شارەوانی و تەکنەلۆژیای وزە نمایش دەکەن. ئەم کۆبوونەوە گەورەیەی کۆمپانیاکان چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی بەرچاوی لەسەر جووڵەی بازاڕ و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
باسم میسری، سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ستۆدیۆی رووداو لە نێو پێشانگەکە، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی رووداو کرد و گوتی: "هۆکاری گەورە هەبوون بۆ ئەوەی رووداو وەک سپۆنسەر هەڵبژێرین، چونکە هەمیشە لە پێشەنگی میدیاکانەوە گرنگی بەم بوارانە دەدات."
سەبارەت بە ئاستی بەشدارییەکە، میسری گوتی: "ئێستا 100 کۆمپانیا خۆجێی و ئەوانی بیانین لێرەن. زۆرترین بەشداربوو لە وڵاتانی چین و تورکیان، هەروەها ئێران، لوبنان، ئیتاڵیا و ئەمریکاش بەشدارن. هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە هەندێک کۆمپانیای ئێرانی کشانەوە و ژمارەیان لە 85ـەوە بۆ 25 کۆمپانیا کەمبووەوە، بەڵام هێشتا بەشدارییەکە کاریگەرە." باسیشی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری بۆ کۆمپانیاکانی چین کردووە بۆ بەشداریکردن.
کەرتی وزەی نوێبووەوە لە کوردستان چۆنە؟
کەرتی وزەی خۆر (سۆلار) پشکێکی شێری لە پێشانگەکەدا بەرکەوتووە. ئیکرام حەمەکەریم رەحمان، یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای (پاوەر ئۆربیت) رایگەیاند کە ئەوان نوێنەرایەتی براندە چینییەکان دەکەن و گوتی: "خواست لەسەر سۆلار سیستەم رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات. نرخەکان 10 بۆ 15٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش تەنیا پەیوەندی بە ناوخۆوە نییە، بەڵکو تێچووی گواستنەوەی جیهانی چوار ئەوەندە بووەتەوە و سیستەمی ئەسیکۆداش باجی خستووەتە سەر."
لە هەمان بواردا، ئەندازیار رەیان براشی لە کۆمپانیای (ڤیڤا سۆلار) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ساڵی 1994ـەوە لە کەرتی کارەبا کار دەکەن و ئێستا جەخت لەسەر وزە نوێبووەکان دەکەنەوە بۆ پڕۆژە گەورەکانی وەک (هەولێر ئەڤینۆ) و کەرتی کشتوکاڵی.
هەروەها هاوکار محەممەد فەوزی، لە گرووپی کۆمپانیاکانی (پاوەر سۆلید) لە پێشانگەکەدا گوتی: "سیستەمەکانمان زیرەکن، بەرگەی پلەی گەرمی زۆر دەگرێت، چ باران بێت یان تەپوتۆز. سیستەمەکە بە تەواوی سمارتە و وەک رۆبۆتێکی زیرەک کار دەکات و زۆر تایبەتمەندی هەیە کە هاووڵاتییان و پڕۆژە گەورەکان سوودی لێ دەبینن. دەمانەوێت یارمەتی حکومەت بدەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی رووناکی سەرکەوێت."
هاوکار محەممەد گوتیشی: "ئەم سیستەمە وا دەکات لۆدی ماڵەوە کەم بێتەوە، لە رێی ئەوەی بارگاوی (شەحن) دابنێن هەم ئامێرە کارەباییەکانی پێ بەکاربهێنن، هەم لە کاتی پچڕانی کارەبا هەستی پێ ناکرێت. ئەگەر ئینڤێرتەری زیرەک بەکاربهێنرێت، کارەبای زیادە بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە و خەرجیی کارەبا لەسەر بەکارهێنەر کەم دەبێتەوە."
پیشەسازیی ناوخۆیی و ئاستەنگەکان
کۆمپانیا ناوخۆییەکان کە ئەزموونی چەندین دەیەیان هەیە، لە پێشانگەکەدا ئامادەیی بەهێزیان هەیە. زانیار مەعروف، بەڕێوەبەری مارکێتینگ لە گرووپی کۆمپانیاکانی (یەعقوب) کە 40 ساڵ ئەزموونیان هەیە گوتی: "ئێمە سێ کارگەی گەورەمان هەیە و بەرهەمەکانمان بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق دەنێرین. ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار تۆن تەلمان هەیە و نزیکەی 900 کارمەندمان هەیە کە زۆربەیان دەستی کاری ناوخۆیین."
زانیار مەعروف نەیشاردەوە کە ئاڵنگاری زۆریان هەن و گوتی: "سیستەمی ئەسیکۆدا و ئاسانیی هاتنە ناوەوەی بەرهەمی دەرەکی کێشە بۆ بەرهەمی ناوخۆ دروست دەکات. سەرەڕای ئەوەی حکومەت زۆر پشتگیری کارگەکانی ناوخۆ دەکات، بەڵام پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی کێشەی ناردنی بەرهەمەکانمان بۆ ناوەڕاستی عێراق نەمێنێت."
ئاسانکاری و کواڵێتی
عومەر نەوزاد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ڤیڤا سۆلار) دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو ئاسانکارییانەی بۆ کارەکانیان کراوە و گوتی: "ئێمە لەم پێشانگەیە دوو هۆڵمان هەیە، یەکێکیان تەنیا بۆ خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن و سێرڤسی 24 کاژێرییە و ئەوەی دیکەیان ناساندنی بەرهەمەکانمان، هەروەها حکومەت چاودێری نرخەکان دەکات و ئێمەش کار لەسەر کوالێتی بەرز و نرخی گونجاو دەکەین."
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە بووەتە جێگەی بایەخی بازرگانانی ناوچەکە، دەرگایەکی نوێ بە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ناو هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.



