رووداو دیجیتاڵ
25ی ئاب ئەڵمانییەکان بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. دوێنی شاندێکی سەربازیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبوونەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، شاندەکە بەڵێنیان داوە کە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی پێشمەرگە دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاب، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ و 25ی ئاب فەرماندە سەربازییەکانی ئەڵمانیا ئەوەیان دووپاتکردەوە، کە بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کراوە تاوەکو 30ـی ئەیلوول دەبێت هەموو هێزەکان لە عێراق بکشێنەوە ئەوانیش دەکشێنەوە، بەڵام دوای ئەو رێککەوتە لە چوارچێوەیەکی دیکەدا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و هاوکاریی لۆجستی، مەشق و راهێنانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".
وەزارەتی پێشمەرگە دوێنێ 26ـی ئاب رایگەیاند، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتیی هێزە چەکدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و کۆڵۆنێڵ ئۆستن پیچا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کۆبوونەتەوە. هەمان شاند پێش ئەو کۆبوونەوەیە، لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆببوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، وەزیری پێشمەرگە رۆڵی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیای لە هاوکاریکردن و راوێژکاریی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەرز نرخاندووە. هەروەها فەریق شنایدەر رایگەیاند: "دڵخۆشین بە بەردەوامیی پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە؛ هەرچەندە ئەرکی هێزەکانمان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام هاوکاری و هاوئاهەنگییە سەربازی و دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پەیوەندیی هاوبەشی ستراتیژی بەردەوام دەبێت و پشتگیری لە بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە دەکەین".
سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئەڵمانییەکان جەخت دەکەنەوە، دوای کشانەوەیان دووبارە بۆ چاودێریکردن و هاوکاریکردنی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانە، کە بەگوێرەی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە داوایان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانان کردووە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە".
زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو لە کاتێکدان، 25ـی ئابی 2026دا رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە وەزیری پێشمەرگە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی وڵاتانی هۆڵەندا و ئیتاڵیا و فەرماندەکانی پێشمەرگە ئامادەبوون. رێوڕەسمەکە لەلایەن کۆڵۆنێڵ ئۆستن پیچا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رێکخرابوو، تێیدا جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئامادەبوو.
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، "لە رێوڕەسمەکەدا بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، کە ساڵانێک بوو لەژێر چەتری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئامادەییەکی کارایان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبوو".


