رووداو دیجیتاڵ
لە ئاودانانی ئیلام پێنج پارچە شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە تایبەتن بە سەردەمی ئاسنین و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار و 500 ساڵ لەمەوپێش. بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگاکە دەڵێت، دووانیان ئەنگوستیلەی بڕۆنزن.
شەوی پێنجشەممە 27-08-2026، فەرزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای بەدواداچوونی تیمەکانی پۆلیس، کەسێک لە ئاودانانی پارێزگاکە دەستگیر کراوە، کە پێنج پارچە شوێنەواری مێژوویی قاچاخی پێبووە.
بەگوتەی فەرزاد شەریفی، دوای دەستبەسەرداگرتنی پارچە شوێنەوارەکان، لەلایەن تیمەکانی میراتی کولتوورییەوە تاقیکارییان بۆ کراوە و دەرکەوتووە تایبەتن بە سەردەمی ئاسنین.
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی ئیلام ئاماژەی بە جۆری شوێنەوارەکان کرد و گوتی، دوو ئەنگوستیلە و دوو دەرزیلەی بڕۆنزن لەگەڵ گۆزەیەکی گڵی.
ئیلام بە هەبوونی مێژوویەکی شارستانیی 11 هەزار ساڵە، گەنجینەیەکی بێ کۆتایی لە مێژوو و کولتووری دێرینی لەخۆگرتووە. فەرزاد شەریفی ئەوەشی خستەڕوو، پارێزگاکە خاوەنی 1500 شوێنەواری مێژوویی، سرووشتی و گەشتیارییە کە تاوەکو ئێستا 936ـیان تۆمار کراون.
ئەنگوستیلەی بڕۆنز لە سەردەمی ئاسنیندا هێمای چی بووە؟
سەردەمی ئاسنین قۆناخێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتییە کە تێیدا مرۆڤ فێر بوو ئاسن دەربهێنێت و بەکاریبهێنێت بۆ دروستکردنی ئامێر و چەک، کە زۆر بەهێزتر بوون لەو کەرەستانەی لە سەردەمی بڕۆنزدا دروست دەکران.
ئەو سەردەمە لە 1500 ساڵ بەر لە زایین دەستیپێکرد و تاوەکو نزیکەی 500 ساڵ بەر لە زایین بەردەوام بوو.
بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، لە سەردەمی ئاسنیندا لە ناوچەی ئیلام بەکارهێنانی ئەنگوستیلەی بڕۆنز، تەنیا بۆ جوانی نەبووە، بەڵکو نیشانەی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و هێمای باڵادەستیی بەکارهێنەر لە کۆمەڵگەدا بووە.
شا و شاژن، پیاوانی ئایینی، فەرماندە شەڕکەرەکان، چینی دەوڵەمەند و بازرگانان ئەو کەسانەن کە لە سەردەمی ئاسنیندا ئەنگوستیلە، پشتێن یان مۆری بڕۆنزیان بەکارهێناوە.

