رووداو دیجیتاڵ موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، زانیاریی نوێی سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا نزیکەی 26 هەزار گەریلا "شەهید" بوونە. قەرەیلان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی 10 ساڵی رابردوو و نەبوونی رێگاکانی پەیوەندی بۆ پاراستنی ئاسایشی چەکداران، زانیاریی لەبارەی زیانە گیانییەکان بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە درەنگ دەگەیشتە فەرماندەیی و گوتی: "502 کەس کە ناویان ماوە ئاشکرا بكرێت، لە ماوەی داهاتوودا تەواوی ئامارەکان رادەگەیێنین." قەرەیلان ئاماری 50 ساڵی خەباتی چەکداریی پەکەکە لە نێوان ساڵانی 1976 - 2026 خستەڕوو و بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 1976 تاوەکو 1983، 173 گەریلا شەهید بوونە، لە ساڵی 1984 تاوەکو 2000، 13 هەزار و 778 گەریلا شەهید بوونە، لە ساڵی 2001یشەوە تاوەکو ئەم ساڵ 7 هەزار و 949 گەریلا شەهید بوونە. ئەندامەکەی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل ئاشکراشی کرد، لە نێوان ساڵانی 1984 بۆ 2000 ژمارەیەک لە گەریلا گیانیان لە دەست داوە، کە نەتوانراوە تۆمار بکرێن و ژمارەیان نزیکەی 1000 گەریلا دەبێ. بە گوتەی موراد قەرەیلان لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ و شنگال، 3262 گەریلا گیانیان لە دەستداوە. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو ئەمساڵ 760 ئەندامیان لە یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) لە باکووری کوردستان گیانیان لە دەستداوە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی قەرەیلان رایگەیاندوون لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا 25 هەزار و 922 گەریلا گیانیان لە دەستداوە، کە 99یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون. جگە لە گەریلا، قەرەیلان رایگەیاند لە ماوەی ئەو 50 ساڵەدا 5 بۆ 10 هەزار کەسی سڤیلیش گیانیان لە دەستداوە. قەرەیلان گوتی، لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری کە لە قەندیل بە "پرۆسەی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراسی" ناسراوە، هەوڵدەدەن تەرمی تەواوی گەریلاکان لە گۆڕستانەکاندا کۆبکەنەوە و رێگە نەدەن مێژوویان پەراوێز بخرێت. هەروەها رەخنەی تووندی لەو لایەنانە گرت کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن. ئەم لێدوانانەی مورات قەرەیلان هاوکاتن لەگەڵ هەنگاوە کردارەکییەکانی پەیوەست بە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و دەستپێکردنی کارەکانی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەندگاندنی پرۆسەی چارەسەری بە سەرپەرشتی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا. لەلایەکی دیکەوە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پرسەی بە کۆمەڵ بۆ گەریلاکانی پەکەکە لە شارەکانی باکووری کوردستان دانراوە و لەسەر ئاستی سیاسی و مەدەنی ناوچەکە خەلکێکی زۆر بەشداریان لە پرسەکان کردووە.
کوردستان28-08-2026مامۆستایان و قوتابییان لە رۆژئاوای کوردستان: دەمانەوێ تەواوی وانەکان بە کوردی بخوێنین