رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی لەو شارە روونکردنەوە لەسەر دۆسیەی ئەو ژنە بیانییە دەدەن کە جەستەی سووتا بوو و دەڵێن، هیچ کەمتەرخەمییەک لە چارەسەرکردنیدا نەکراوە و دەرکردنیشی لە نەخۆشخانە تەنیا لەسەر بنچینەی بڕیارێکی پزیشکی بووە، نەوەک لەژێر گوشاری لایەنێک.
دکتۆر بەڵێن عومەر حەمەڕەزا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بیانییەی رۆژی 14ـی ئابی 2026 بەهۆی سووتانەوە هێنرایە نەخۆشخانە، دوو نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا.
دکتۆر بەڵێن ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئامادەنەبوونی کەسوکارییەوە نەشتەرگەریی دووەم لەسەر بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی خۆی ئەنجامدراوە تاوەکو رێگری لە دواکەوتنی چارەسەرەکەی بگرن.
دکتۆر بەڵێن روونیکردەوە کە نەخۆشەکە بۆ 13 رۆژ لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بووە و دوای جێگیربوونی باری تەندروستی، رۆژی 27ـی ئاب بڕیاری دەرکردنی لە نەخۆشخانە بۆ دراوە؛ گوتیشی: "ئەمە بڕیارێکی پزیشکی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی کارگێڕی یان کەسایەتییەوە نەبووە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی گوتی، بەهۆی سنوورداریی جێگە لە بەشی سووتاوی، دەبێت ئەو کەسانەی دۆخیان جێگیر دەبێ، شوێنەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە باری تەندروستییان مەترسیدارە؛ رەتیکردەوە کە بڕیارەکە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ژنەکە لە ماڵی کەسێکی نزیکی بەرپرسێک کاری کردبێ.
هاوکات فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک نیگەرانیی خۆی لەو هەڵمەتانە دەربڕی کە بەرامبەر پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکرێن و رایگەیاند: "تەنیا پێوەری ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش، دۆخی پزیشکییە نەوەک وڵاتینامە و جۆری کارەکەی؛" هۆشداریشی دا کە مافی یاسایی خۆیان دەپارێزن بۆ سکاڵا تۆمارکردن دژی هەر کەسێک کە زانیاریی چەواشەکارانە بڵاوبکاتەوە و ناوبانگی پزیشکان لەکەدار بکات.
سەرەڕای ئەوەی باری تەندروستیی جێگیر بووە، بەڵام لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و بەدواداچوونی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، بڕیاردراوە ئەو ژنە جارێکی دیکە لە نەخۆشخانە وەربگیرێتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ نەخۆشێک بەبێ چاودێری نامێنێتەوە.
دۆسیەی ئەو ژنە بیانییە کە لە ماڵێکدا کار دەکات و بەهۆی تەقینی تەباخی گازەوە تووشی سووتان بوو، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییانی سنووری کەرکووکدا دروست کردووە. هەندێک لە بەکارهێنەران، کارگێڕی نەخۆشخانەی ئازادییان تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەژێر گوشاری خاوەن ماڵەکەدا نەخۆشەکەیان بەر لە چاکبوونەوەی لە نەخۆشخانەکە دەرکردووە.
_(1).webp&w=3840&q=75)

