رووداو دیجیتاڵ
مەهدی زانا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد و هاوژینی لەیلا زانا، کە 15 رۆژە لە نەخۆشخانەیەکی ئامەد چارەسەری وەردەگرت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
مەهدی زانا، سیاسەتڤانی کورد رۆژی 14ـی ئاب، بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. دەستبەجێ خرایە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکی. دوای زیاتر لە 15 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 29ـی ئابی 2026، لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری وەردەگرت، کۆچی دواییکرد.
مەهدی زانا ماوەیەکی زۆر بوو بەدەست نەخۆشیی سییەکانەوە دەیناڵاند. لە نەخۆشخانەی (گێنیسیس)ـی تایبەت لە شاری ئامەد چارەسەری وەردەگرت، پزیشکەکان بڕیاریان دا لە بەشی چاودێریی چڕ بیخەوێنن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی یەکشەممە 30ـی ئاب، مەهدی زانا لە گۆڕستانی یەنیکۆی لە ئامەدی باکووری کوردستان بەخاک بسپێردرێت.
مەهدی زانا کێیە؟
مەهدی زانا لە ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبووە، لە ساڵانی 1978-1980 وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد خزمەتی کردووە.
مەهدی زانا یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
مەهدی زانا جگە لە ژیانی سیاسی، بە کتێبە بەناوبانگەکەی (چاوەڕوانبە دیاربەکر) ناسراوە، کە تێیدا باسی نەهامەتییەکانی زیندان دەکات.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)یە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی رووکەن و رۆنای.
تشرینی دووەمی ساڵی 2017 تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی پەنجەمۆر زنجیرەیەک هەڤپەیڤینی لەگەڵ مەهدی زانا ئەنجامدا.
بەشی یەکەم
بەشی دوووم
بەشی سێیەم


