رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، سێ ناوەندی وەرگرتنی گەنم بە بیانووی جۆراوجۆر بەرهەمی جووتیاران وەرناگرن و رێگەش نادرێت گەنمەکە بۆ شارەکانی دیکە بگوازرێتەوە. جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی ئەم دۆخەوە تووشی سەرلێشێوان بوون و مەترسیی فەوتانی بەرهەمەکانیان لەسەرە.
رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، چەند هاونیشتمانییەک لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، سێ ناوەندی وەرگرتنی گەنم لە ناوچەکە، جارێک دەڵێن "داخراوە"، جارێک دەڵێن "جێگەمان نەماوە" و جارێکیش دەڵێن "کرێکارمان نییە"، بەوەش گەنمی جووتیاران وەرناگرن.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییانە، کاتێک ویستوویانە گەنمەکەیان ببەنە ناوەندەکانی وەرگرتن لە شاری بۆکان، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سەقز رێگریی لێکردوون و پێی راگەیاندوون کە دەبێت هەر لە ناوچەی خۆیان گەنمەکە رادەست بکەن، ئەگەر نا، بەشە پەینی کیمیاییان پێ نادرێت.
جووتیارانی تیلەکۆ دەڵێن: "سێ رۆژە کۆمباین هاتووەتە ناوچەکە و تەنیا 20 رۆژی دیکە دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکەمانەوە نازانین چی بکەین و کەسیش وەڵاممان ناداتەوە."
پارێزگای سنە یەکێکە لە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی گەنم لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵانە لە نێوان 800 هەزار بۆ 1.2 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت.
ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا لەسەر رووبەری زیاتر لە 680 هەزار هێکتار گەنم چێندراوە، کە 41 هەزار هێکتاری بەرئاو و 640 هەزار هێکتاری دێمییە.
ئەم کێشەیەی جووتیارانی سەقز لە کاتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 663 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگای سنە وەرگیراوە، بەڵام جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە پڕۆسەی خەرجکردنی پارەی گەنمەکانیان زۆر خاوە و تەنیا بڕێکی کەم لە شایستە داراییەکانیان پێدراوە.




