رووداو دیجیتاڵ
لە شاری خوڕەماوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان، دەست بەسەر 35 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا. فەرماندەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگاکە دەڵێ، دوو تۆمەتباریش دەستگیر کراون کە مادەکەیان لە پارێزگای فارسەوە بەرەو تاران دەبرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-08-2026، ئەیوب عەلیپوور، فەرماندەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بنبڕکردنی مادەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگاکە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە شاری خوڕەماوا بەڕێوەبردووە و لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر 35 کیلۆگرام تریاکدا گرتووە.
بەگوتەی ئەیوب عەلیپوور، پەیوەست بە دۆسیەکە دوو کەسیش دەستگیرکراون کە ویستوویانە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت مادە هۆشبەرەکە بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران.
وەک فەرماندەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە لوڕستان گوتی، تۆمەتبارەکان خەڵکی ناوچەکە نین و هەوڵیان داوە پارێزگاکە وەک ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکاربهێنن و رایگەیاند: ''ئەوان لە پارێزگای فارسەوە بەرەو تاران دەچوون، بەڵام رێگریمان لێکردن و دەستگیرکران.''
بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و هاوسنووری لەگەڵ پارێزگاکانی وەک خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهان، هەروەها هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، لوڕستان وەک ناوچەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەرەو نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ساڵانە لە سنووری پارێزگای لوڕستان دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگیرێ.



