رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ناوچەی نیمچەدوورگەی ئاخین لە باکووری کوردستان بە فەرمی وەک "پارکی نیشتمانی" ناسێندرا. ئامانج لە بڕیارەکە پاراستنی ژینگە و رێکخستنی کەرتی گەشتیارییە لە ناوچەکەدا.
ئەم بڕیارە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە لە رۆژی 30ی ئابی 2026 واژۆ کراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
نیمچەدوورگەکە لە تورکیا بە ناوی (دەڤەبۆینو) ناسراوە، دەکەوێتە نێوان سنووری شارۆچکەی گەڤاش لە پارێزگای وان و شارۆچکەی تەتوان لە پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان.
نیمچەدوورگەی ئاخین لەسەر دەریاچەی وان بە یەکێک لە ناوچە سرووشتییە "ناوازەکانی" باکووری کوردستان هەژمار دەکرێت، خاوەنی فرەجۆرییەکی دەوڵەمەندی رووەکییە. جگە لە لایەنە سرووشتییەکەی، ناوچەکە چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە؛ لەوانەش چەند کەنیسەیەکی ئەرمەنی کە دیارترینیان کەنیسەی (سورپ هانوتیون)ە و مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەدەی 10ـەم دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئامارەکان، ئەمە چوارەم ناوچەیە لە سنووری پارێزگای وان کە بە بڕیاری سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێتە پارکی نیشتمانی.
حکومەتی تورکیا لە رێگەی ئەم هەنگاوەوە دەیەوێت رێگری لە تێکدانی ژینگەی ناوچەکە بکات و گەشەپێدانی گەشتیاری بخاتە ژێر چاودێرییەوە، تاوەکو سامانی سرووشتی و مێژوویی نیمچەدوورگەکە وەک میراتێکی نیشتمانی بپارێزرێت.




