رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە سبەیەوە تاوەکو دووشەممەی داهاتوو قوتابیانی پۆلی 12 دەتوانن تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بگرن. بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە خوێندنی باڵاش دەڵێت:"دوای ئەوەی نمرەکان بۆ ئێمە نێردران دەست بە رێکارەکانی زانکۆلاین دەکەین".
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، پەیمان خەواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سبەیەوە قوتابیان دەتوانن تانە پێشکێش بکەن ئەگەر بزانن هەڵەیەک لە نمرەکانیاندا هەیە. قوتابیان تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو کاتیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سەردانی پەروەردەکان بکەن و تانە تۆمار بکەن."
سەبارەت بە قۆناخەکانی دوای تانەگرتن، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "دوای ئەو هەفتەیە، لیژنەی ئەزموونەکان سێ رۆژ خەریکی پێداچوونەوە و بەراوردکردن دەبن و بەدواداچوون بۆ تانەکان دەکرێت، ئینجا دوای تەواوبوونی ئەو رێکارانە، نمرەکان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەنێردرێن."
دکتۆر خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای گەیشتنی نمرەکان، دەست بە رێکارەکانیان دەکەن و کاتی کاراکردنی زانکۆ لاین رادەگەیێنن.
تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەی لە 11ی ئەم مانگەوە دەستیانپێکرد، دوێنێ 30ی ئابی 2026 تەواو بوون. ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بە هەموو بەشەکانییەوە راگەیاند.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە؛ ئەم ساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەییان کرد.




