رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئەیرڵاینس) ، ئەی جێت (AJet) و پێگاسوس گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی کاتی هەڵوەشاندەوە.
جەنگ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە.
کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی تورکیا بڕیاریان دا گەشتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رابگرن.
لە ئەمڕۆ چوارشەممە 2-9-2026ــەوە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگەیێندرا و بەشێک لە گەشتیاران نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن بەوەی پێشتر ئاگادار نەکراونەتەوە.
هەولێر و سلێمانی
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە گەشتی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی، ئەی جێت و پێگاسوس هەڵوەشێندراونەتەوە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (سەرۆک جەلال تاڵەبانی)ی سلێمانیش، گەشتی کۆمپانیای (ئەی جێت) کە بڕیار بوو کاژێر 09:00ی بەیانی بکرێت، لەلایەن کۆمپانیاکەوە هەڵوەشێندرایەوە و نەکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر داوای کۆمپانیای ئەی جێت دراوە، بەڵام گەشتی کۆمپانیای پێگاسوس کە بڕیارە کاژێر 02:00ی ئەمشەو بکرێت، تاوەکو ئێستا لە خشتەی گەشتەکاندایە.
فڵای ئەربیل: گەشتەکانمان بەردەوامن
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی (فڵای ئەربیل) رایگەیاند کە گەشتەکانیان رانەگرتووە.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڵای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"ئەمڕۆ چوار گەشتی پلان بۆ داڕێژراومان هەیە و ئەو گەشتانە هەڵنەوەشێندراونەتەوە. سێ لەو گەشتانە بۆ ئەڵمانیا و گەشتێکیشیان بۆ تورکیایە. ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوچەکەین، بەڵام گەشتەکانمان وەک خۆیان بەردەوامن. دڵنیایی دەدەینە گەشتیارانمان کە هیچ هەڵوەشاندنەوەیەک لە ئارادا نییە."
پێشتر ئەمریکا هۆشداریی لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە دابوو
هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو 1-9-2026 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل هۆشدارییەکی ئەمنیی بڵاوکردەوە.
ئەمریکا هۆشداریی دابووە هاووڵاتییانی خۆی کە رەنگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە پشێوی دروست ببێت و بەهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە دوابخرێن یان هەڵبوەشێندرێنەوە.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیا تورکییەکان هیچ کاتێکی دیاریکراویان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان رانەگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بڕیارەکان رۆژانە و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی "دۆخی ئەمنی" پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

.webp&w=3840&q=75)

