رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سێ کەس دا سەپاند کە تۆمەتبارن بە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە پارێزگای کەرکووک. بەپێی بڕیارەکە، هێرشەکە تیمی فەرەنسیی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کردبووە ئامانج.
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی دادگە کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، دادگەی تاوانەکانی کەرخ بڕیاری سزادانی بۆ هەریەک لە (عەباس قاسم عەباس کازم، مەهدی فیراس مستەفا و عەبدوڵڵا زەینولعابیدین حەیدەر) دەرکرد.
دادگە رایگەیاندووە، هەرسێ تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی 2005 سزا دراون. هەروەها ماوەی دەستبەسەرکردنی پێشوویان کە لە 9ـی نیسانی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، بۆ هەژمار دەکرێت و مافی تانەلێدانیشیان لە بڕیارەکە هەیە.
وردەکاریی هێرشەکە
سەبارەت بە کات و شوێنی تاوانەکە، لە بڕیارەکەدا هاتووە کە ئەو سێ کەسە لە رۆژی 13ـی ئاداری 2026، لە ناوچەی یایچی لە پارێزگای کەرکووک، چەند مووشەکێکی کاتیۆشایان ئاراستەی بنکەی سەربازیی کەی وەن (K1) کردووە.
مووشەکەکان لە نزیک فەوجی دژەتیرۆر و تیمی فەرەنسیی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتوونەتە خوارەوە. دادگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەو هێرشە "تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، بڵاوکردنەوەی ترس و بۆ مەبەستی تیرۆریستی بووە."
بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکان کە هێزە عێراقییەکان و راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێدا جێگیرن و پێشتریش چەندین جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.


