رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، بنەماڵەیەکی خێرخواز نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە لە شاری رانیە دروست دەکەن.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لقێکی نەخۆشخانەی هیوا (تایبەت بە شێرپەنجە) لەلایەن بنەماڵەیەکی خێرخوازەوە لە رانیە دروست دەکرێت و چیدیکە پێویست ناکات تووشبووانی شێرپەنجە لە راپەرینەوە بچنە سلێمانی.
گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین گوتیشی: نەخۆشخانەکە دەکەوێتە سەنتەری شار و بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەرین دروست دەکرێت، شوێنی بۆ دابینکراوە و ماستەرپلانی پڕۆژەکە ئامادەیە.
نەخۆشخانەکە لەلایەن بنەماڵەیەک بەناوی (حاجی جەلال سێناجیانی) دروست دەکرێت و پێشبینی دەکرێت تێچووەکەی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بێت.
نەخۆشخانەکە دەبێتە لقێکی نەخۆشخانەی هیوا و تایبەت دەبێت بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە راپەڕین.
تەها محەممەد گوتی، "دەمانەوێت نەخۆشانی تووشبووی شێرپەنجە لە دەڤەری راپەرین کە بە سەدانن، چیدیکە پێویست نەکات بچنە نەخۆشخانەی هیوا و هەر لە شاری رانیە چارەسەر وەربگرن."
ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەرین ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 460 نەخۆشی شێرپەنجە لە ئیدارەی راپەرین تۆمارکراوە.
گوتەبێژی تەندروستیی راپەرین گوتیشی: بە دڵنیایی ئەو ژمارەیە زیادیکردووە و کاردەکەین بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو نەخۆشانە سەردانی سلێمانی نەکەن.


