رووداو دیجیتاڵ
نیلوفەر عەتا، کچێکی تەمەن 27 ساڵ، دوای ئەوەی لەلایەن پیاوێکەوە بەناوی (ع. ت) بە بیانووی هاوسەرگیری دەڕفێندرێت، بۆ ماوەی هەفتەیەک رووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی دڕندانە دەبێتەوە و بەهۆیەوە مێشکی بە تەواوی لەکاردەکەوێت. ئێستا خێزانەکەی لە نەخۆشخانەی ورمێ چاوەڕێی بەخشینی دڵ و گورچیلەکانی دەکەن، بەو هیوایەی "رۆحی کچەکەیان زیندوو بمێنێتەوە."
چیرۆکەکە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا دەستیپێکرد، کاتێک نیلوفەر و دایکی بۆ کارکردن و لێکردنەوەی هەڵووژە و سێو، دەچنە باخێک لە نزیک تەورێز. لەوێ پیاوێک بە ناوی (ع. ت)ـی تەمەن 41 ساڵ دەناسن. دوای گەڕانەوەیان بۆ پیرانشار، ئەو پیاوە شەوێک بە زۆر و هەڕەشە نیلوفەر دەڕفێنێت.
مەزهەر عەتا، برای نیلوفەر، بە رووداوی راگەیاند: "خوشکەکەم بە هەڕەشە لەگەڵ خۆی بردووە و پێی گوتبوو، ئەگەر نەیەیت، باوک و براکەت دەکوژم. رۆژی دواتر پەیوەندی بە دایکمەوە کرد و گوتی لە مەهابادین و دەیخوازم. کاتێک قسەمان لەگەڵ خوشکەکەم دەکرد، دەیگوت باشم، بەڵام دواتر دەرکەوت کە دەست و قاچی بەستراوەتەوە و بە زۆر پێی گوتراوە وا بڵێت."
دوای هەفتەیەک لە ژێر ئەشکەنجەدان، تۆمەتبارەکە نیلوفەر دەگەیەنێتە نەخۆشخانە و بە بیانووی ئەوەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، هەڵدێت.
فریشتە یەحیا، دایکی نیلوفەر، بە گریانەوە باسی دۆخی کچەکەی کرد و لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کاتێک لە نەخۆشخانە بینیم، دەست و سنگ و پشتی سووتا بوو، هەموو جەستەی شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە بوو. پزیشکەکان گوتیان مێشکی مردووە و تاوەکو ئێستا نەخۆشێکی ئاوا ئازاردراومان نەبینیوە، تەنانەت پزیشکەکانیش بۆی دەگرین."
دایکی نیلوفەر ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین قسەی کچەکەی ئەوە بووە کە بە تەلەفۆن پێی گوتووە: "دایە، ئەگەر هاتی خواردنم بۆ بهێنە."
بە گوتەی سوهەیلا مەهدی زادە، پووری نیلوفەر، پزیشکەکان رایانگەیاندووە کە نیلوفەر بۆ ماوەی هەفتەیەک بەستراوەتەوە، برسیکراوە، بە قایش لێیدراوە، پەراسووەکانی شکێندراون و دەستدرێژیی زۆری کراوەتە سەر.
خێزانی نیلوفەر سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تۆمەتبارەکە تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە. پۆلیسی ئێران بە خێزانەکەی راگەیاندووە کە ئەو کەسە پێشینەی چەندین تاوانی دیکەی وەک کوشتن و دەستدرێژی هەیە و لە باشووری کوردستانیش تاوانێکی کوشتنی ئەنجامداوە.
دایکی نیلوفەر دەڵێت: "مێشکی کچەکەم مردووە و تەنیا دڵی کار دەکات. بڕیارمانداوە دڵ و گورچیلەکانی ببەخشینە دوو نەخۆش کە دۆخیان خراپە، با رۆحی کچەکەم نەمرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە." بڕیارە سبەی، کاژێر 10:00ـی بەیانی، لە نەخۆشخانەی ورمێ نەشتەرگەریی بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی نیلوفەر ئەنجام بدرێت.
خێزانەکەی داوا لە خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەن کە هاوکارییان بکەن لە دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە و رادەستکردنی بە یاسا، چونکە پێیانوایە ئەگەری هەیە بۆ عێراق هەڵاتبێت.


