رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستان، 10 کەس بە پاساوی بەشداریکردن لە پرسەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافپەروەرانی ئازادیخواز (OHD) رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ماڵ لە ئامەد و 10 کەسیان دەستگیرکردووە. تۆمەتی ئەو کەسانە بەشداریکردن بووە لە پرسەی ئەو گەریلایانە کە لە کات و شوێنی جیاوازدا لە پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمەڵەی مافپەروەرانی ئازادیخواز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە "هیوا و چاوەڕوانییەکان بۆ دروستکردنی کەشێکی ئاشتییانە زیادیان کردووە." کۆمەڵەکە راشیگەیاندووە: "پرۆسەی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بە دەستبەسەرکردن، گوشار و سنووردارکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان بەڕێوە ناچێت."
کۆمەڵەکە ئەوەشی خستەڕوو کە تاوانبارکردنی هاونیشتمانییان لەسەر بەشداریکردن لە پرسەی کۆچی دوایی کارێکی "قبووڵنەکراو"ە و داوای کرد ئەو 10 کەسە دەستبەجێ ئازاد بکرێن. جەختیشیان لەوە کردەوە کە پێویستە لەبری سیاسەتی گوشار، ئیرادەی ئاشتی بەهێز بکرێت.
رۆژی 29ـی ئابی 2026، شامیل تەیار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی دەم پارتی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە دانانی پرسە بۆ گەریلاکانی پەکەکە نیگەرانە و چیدی رێگە بەو کارە نادات. گوتبووی، بەکارهێنانی وشەی "شەهید" بۆ ئەندامانی پەکەکە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکات.
ئەم مشتومڕە دوای ئەوە دێت رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی 468 پەرلەمانتار، یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پەسند کرد.
دوای ئەم هەنگاوە، رێکخستنەکانی دەم پارتی دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی دانانی پرسە کرد بۆ ئەو گەریلایانەی لە ساڵانی رابردوودا گیانیان لەدەستدابوو. یەکەم پرسە لە 12ـی ئاب لە ئامەد دانرا و دواتر شارەکانی ئیستەنبووڵ، جۆڵەمێرگ، شرنەخ، دێرسیم و مێردینیشی گرتەوە.
شامیل تەیار ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییە کرد کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە بۆ چارەسەری دەستی پێکردووە و گوتی: "دانانی پرسە بۆ کوژراوانی پەکەکە بە ناوی 'شەهید'، گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر." ئەو داوای کرد بۆ پاراستنی هەستیارییەکانی کۆمەڵگە، پێویستە دەم پارتی لەم کارانە "کۆنترۆڵ بکرێت."
رۆژی 28ـی ئابی 2026، موراد قەرەیڵان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ئاماری 50 ساڵەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیای بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، لە نێوان ساڵانی 1976 بۆ 2026، کۆی گشتی 26 هەزار و 424 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، کە 99 کەسیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو پارتە بوون.

