رووداو دیجیتاڵ
خانمە سیاسەتڤانی ناسراوی کورد، لە پەیامێکدا سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەشداریی خەمی کۆچی دوایی مەهدی زانای هاوژینیان کردووە و رایدەگەیێنێت: "پشتیوانییەکانی ئێوە کە سنوورەکانی بڕی، جێگەی پێزانینە."
دوای کۆچی دوایی مەهدی زانا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی خەباتی سیاسیی باکووری کوردستان، تاوەکو ئێستاش نامەی هاوخەمی و سەردانی خەڵک بەردەوامە.
لەیلا زانا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی سوپاسگوزاری بۆ هەموو ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە لەم سەروبەندەدا بە تەنیا جێیان نەهێشتووە.
لەیلا زانا لە پەیامەکەیدا بە شکۆوە باس لە مانا و فەلسەفەی ژیان و مردن دەکات و دەنووسێت: "دوای هەر مرۆڤێک تەنیا یادەوەرییەکان نامێننەوە، بەڵکو شوێنپێی بێدەنگی ژیانێکی پڕ لە شکۆ دەمێنێتەوە. مردن تەنیا کۆتاییهاتنی ژیان نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی مرۆڤە لەناو یادەوەریی خۆشەویستانیدا بە شێوەیەکی دیکە."
لەیلا زانا، سوپاسی هەموو ئەو چین و توێژانەی کرد کە هاوخەمییان دەربڕیوە و نووسیویەتی: "لەم رۆژە سەختانەدا، سوپاسی قووڵی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوبەشی خەممان بوون، چ ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵمان بوون، یان ئەوانەی بە پەیوەندیی تەلەفۆنی، نامە و سەردانەکانیان هاوخەمیی خۆیان گەیاند. ئەو دۆستایەتی و هاوسۆزییەی نیشانتان دا، لەناو ئەم خەمە گەورەیەدا هێز و دڵنەوایی پێبەخشین. ئێمە سوپاسگوزاری ئەو پشتیوانییەین کە سنوورەکانی بڕی."
مەهدی زانا، لە تەمەنی 85 ساڵیدا لەو نەخۆشخانەیەی تێیدا چارەسەری وەردەگرت، کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە رێوڕەسمێکی جەماوەریی بەرفراواندا لە شاری ئامەد بە خاک سپێردرا.

