رووداو دیجتاڵ
لە ناحیەی پردێ دوو چەکداری ماتۆڕسوار تەقە لە خاڵێکی پاسەوانیی هێزی مغاویری حەشدی شەعبی دەکەن؛ لە ئەنجامدا چەکدارێک دەکوژرێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەبێت. سەرەڕای داخستنی دەروازەکان و بڵاوەپێکردنی هێز، تائێستا ناسنامەی هێرشبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.
رووداوەکە لەو کاتەدا
بووە کە دوو چەکداری بارەگای هێزی مغاویری سەر بە حەشدی شەعبی لە ناحیەی پردێ (ئاڵتون
کۆپری) خەریکی پاسەوانی بوون؛ ماتۆڕسکیلێک کە دوو کەسی لەسەر بووە، بە خێرایی بە بەردەمیاندا
تێپەڕیوە و دەستڕێژی گوللەی لێ کردوون.
لەو هێرشەدا، چەکدارێک
بە ناوی عەلی بەهجەت گیانی لەدەستداوە و چەکدارەکەی دیکەش بە سەختی بریندار بووە. دەستبەجێ
دوای رووداوەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو سەنتەری ناحیەکە بڵاوەیان پێ کراوە و دەستیان
بە گەڕان و پشکنین لە نێو گەڕەکەکاندا کردووە.
تەقەکەرەکان لە
ژێر چاودێریی کامێراکان دان سەرەڕای رێکارە توندەکان، هێزە ئەمنییەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە
سەرەداوی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان. عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ،
لەبارەی قوربانییەکە و رێکارەکان بە روداوی راگەیاند:
"تەقەیان لێ کردوون، یەکێکیان
شەهید بووە و ئەوی دیکەیان بریندارە. ئەو چەکدارەی کوژراوە لەو خێزانانە بووە کە دوای
هاتنی داعش بۆ مووسڵ و تەلەعفەر، لە ساڵی 2014ـەوە لە ناحیەی ئێمە نیشتەجێ بوون. ئێستا
هێزە ئەمنییەکان بە وردی بەدواداچوون بۆ کامێراکان دەکەن تاوەکو ناسنامەی تەقەکەرەکان
ئاشکرا بکەن."
کێشەی کۆمەڵایەتی
یان کردەوەی تێرۆریستی؟ هەرچەندە گومانە سەرەتاییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە رووداوەکە
پەیوەندی بە کێشەیەکی کەسی یان کۆمەڵایەتییەوە هەبێت، بەڵام لایەنە تورکمانییەکان و
حەشدی شەعبی بە "کردەوەی تێرۆریستی" ناوی دەبەن و داوای بەهێزکردنی ئەمنییەتی
ناوچەکە دەکەن.
ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەخت لەسەر هەستیاریی شوێنەکە
دەکاتەوە و دەڵێت: "بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پاسەوانیی فەوجی مغاویری حەشد، پێویستی
بە هەوڵی هەواڵگریی زیاتر هەیە. ناحیەی ئاڵتون کۆپری خاڵی جیاکەرەوەی نێوان کەرکووک
و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە هێزی ئەمنیی زیاتری تێدا بڵاوە پێ بکرێت."
لە ناحیەی پردێ،
جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی، هێزەکانی سوپای عێراق دەسەڵاتی باڵادەستیان هەیە. هەروەها حەشدی
شەعبی سەر بە لیوای 16ی حەشدی تورکمان، چەندین بارەگا و خاڵی ئەمنییان لە نێو گەڕەکە
جیاوازەکاندا هەیە، کە زۆربەیان لە دوای رووداوەکەی ئەمڕۆ خراونەتە ئامادەباشییەوە.

