رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی لقی ئیلامی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، لە سنووری پارێزگاکە تیمێکی حەوت کەسییان دەستگیر کردووە کە سەر بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ نوێنەرانی ئەو حیزبانەش راگەیێندراوەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن: ''سەرلەبەری بێبنەمایە''.
ئەمڕۆ هەینی 04-09-2026، لقی پارێزگای ئیلامی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، حەوت کەسیان لە سنووری پارێزگاکە دەستگیر کردووە کە سەر بە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو حەوت کەسە پەیوەندییان لەگەڵ ''سەرپەل''ـێک لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبووە و بۆ ئەنجامدانی ''کاری تێکدەرانە'' لە شارەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە، پاڵپشتیی دارایی کراون.
وەک سوپای پاسداران دەڵێ، دوای ئاگاداربوونیان لە چالاکییەکان، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە کە لە ئەنجامدا هەر حەوت کەسیان دەستگیر کراون و دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
ئامانج زیبایی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر سەبارەت بە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرلەبەری هەواڵەکە بێبنەمایە و ئەوانەی بەگوتەی خۆیان دەستگیریان کردوون، پەیوەندییان بە حدکا یان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەوە تەنیا بیانوویەکە بۆ سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی زیاتری خەڵک.''
هاوکات ئەمجەد حوسێنپەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر رەتی کردەوە هیچ ئەندامێکیان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرابێت و بە رووداوی گوت: ''هیچ کامە لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان بە چەکەوە لە نێوخۆی ئێران چالاکیی لەو شێوەیە ناکەن کە سوپای پاسداران باسی دەکات.''
ئەمجەد حوسێنپەناهی ئەوەشی خستەڕوو، ''راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران زیاتر لە بانگەشەیەک دەچێت، بۆ ئەوەی بڵێت، کۆنترۆڵی دۆخی ئێستای وڵاتەکەی لەدەستدایە، بەڵام ئێران سەتان کەسی بەو پاساوە لەسێدارە داوە کە دواتر دەرکەوتووە بێتاوان بوون''.
تاران بەردەوام حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی چوونە نێو خاکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن، بە ئامانجی ''نائارامکردن و تێکدانی ئاسایش''ـی وڵاتەکە، بەڵام سەرجەم حیزبەکانی ئەندام لە هاوپەیمانیی کوردستانی رەتی دەکەوەنەوە تاوەکو ئێستا هەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و پەڕێنەوە لە سنوورەکانیان دابێت.

