رووداو دیجیتاڵ
لە مەریوان چوار کەس بە تۆمەتی ''رفاندنی چەکدارانە'' دەستگیر کران. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەڵێ، فەرمانبەرێکی گومرگیان رفاندووە و ئەشکەنجەی زۆریان داوە.
رووداوەکە دوێنێ پێنجشەممە 03-09-2026 لە مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. محەممەد جەباری، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە رایگەیاند، چوار کەس کە بە ''قاچاخچیی کاڵا'' ناساندوونی، فەرمانبەرێکی گومرگی شارەکەیان رفاندووە.
محەممەد جەباری بەبێ ئاماژەدان بە ئامانجی تۆمەتباران گوتی: ''ئەو چوار کەسە، ئەشکەنجە و ئازاری زۆری رفێندراوەکەیان داوە، بەڵام لە کەمتر لە 24 کاژێردا دەستگیر کراون.''
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی سنە ئەوەشی خستەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوان کراوەتەوە و بە تۆمەتی ''رفاندنی چەکدارانە'' رەوانەی زیندان کراون.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری رفاندنەکە یان ناسنامەی رفێندراو یان تۆمەتباران بڵاو نەکردووەتەوە.


