رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو پڕباران بوو و بەرهەمی هەنگوینی هەنگەوانانی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زۆربوو، بەڵام ئەوان لەگەڵ کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان رووبەڕوو بوونەتەوە و گلەیی ئەوە دەکەن کە رێگرییان لێدەکرێت.
ساڵی رابردوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 1000 تۆن هەنگوین بەرهەم هات، بەڵام هەنگەوانان دەڵێن، رێگریی تووند لە فرۆشتن و گواستنەوەی هەنگوینەکەیان هەیە، تەنانەت لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا.
حوسێن رەسوول، هەنگەوانێکە و دەڵێت: "مەعقوولە هەنگوینی ئێرانی، تورکی و پاکستانی ئاسایی بێت بفرۆشرێت، بەس هیی کوردی نائاسایی بێت."
عوسمان مەجید، هەنگەوانێکی دیکەیە و گوتی: "گلەییمان تا ئاسمان دەڕوات، چونکە نازانین بۆ لەم وڵاتەی خۆمان ناتوانین یەک کیلۆ هەنگوین بگوازینەوە."
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ رێگری لە گواستنەوەی هەنگوین نییە و ئەوەی لە بازگەکان دەکرێت، "نایاساییە،" بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە پێناچێت بتوانن چارەسەری بکەن.
جوتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، بە رووداوی رایگەیاند: "ئەوەی لە بازگەکان رێگە نادات، کارێکی نایاساییە، چونکە کوردستان یەک بازاڕە."
لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی هەنگەوانان دەڵێن، بۆ ئەو گرفتە قسەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام ئەوان پێیان گوتوون کە فەرمانیان پێیە.
سیروان ماوەتی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هەنگەوانان، دەڵێت: "بە ئاسایشمان گوت، گوتیان فەرمانی سەرووی خۆمانە و ئێمەش نازانین بۆ رێگەمان پێنادەن."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتی لە بناری قەندیل و سرووشتی شارباژێڕ، هەنگوینی باش هەیە، بەڵام هاوردەکردنی زۆری هەنگوین لە دەرەوە، وایکردووە کڕیار بە ئەستەم بتوانێت هەنگوینی خۆماڵیی رەسەن و هاوردە لێک جیابکاتەوە.


