رووداو دیجیتاڵ
لە دەڤەری برادۆست، بۆ یەکەمجار فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەچوو و تێیدا نزیکەی 80 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی، ئاژەڵداری و کاری دەستی نمایش کران. ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە ناساندنی بەرهەمی دەڤەرەکە و دۆزینەوەی بازاڕە بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنەران.
یەکێک لەو بەرهەمانەی سەرنجی زۆری بەشداربووانی راکێشا، پەنیرێکی تایبەتی بێرییەکانی برادۆست بوو.
نەسیبە ئەحمەد، یەکێکە لەو بێریانەیە بەشداریی فێستیڤاڵەکەی کردووە و دەڵێت: "خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکەمان هەیە، نەک هەر لێرە، بەڵکو کڕیارمان لە سۆران، هەولێر و دەوروبەریش هەن. بەڵام ئەم فێستیڤاڵە زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکانمان زیاتر نیشانی خەڵک بدەین و بزانن دەڤەری برادۆست چ بەرهەمێکی نازداری هەیە."
فێستیڤاڵەکە تەنیا بۆ نمایشکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان نەبوو، بەڵکو چەندین جۆری بەرهەمی کشتوکاڵیشی لەخۆگرتبوو. فەیسەڵ مستەفا، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانە و گوتی: "تەنیا بە ترێ بەشداریم کردووە و رەنگە 8 بۆ 9 جۆری جیاوازی ترێم هێنابێت."
هاونیشتمانییان پێیان وایە دەڤەری برادۆست بەهۆی سرووشتە دەوڵەمەند و خاکە بەپیتەکەیەوە، شوێنێکی لەبارە بۆ بەرهەمی خۆماڵی و دەبوو زووتر فێستیڤاڵی لەو شێوەیەی لێ بکرایەتەوە.
جوان غازی، یەکێک لە هاونیشتمانییانە و دەڵێت: "لە هەموو روویەکەوە دەڤەرەکەمان بەپیتە، ئاوی زۆرە و کەشوهەوای گونجاوە، خەڵکەکەشی دەستڕەنگینن. ئەگەر لێرە فێستیڤاڵ نەکەن، لە کوێ دەیکەن؟ لە راستیدا زۆر دواکەوتن و دەبوو زووتر بکرایە."
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجیان دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان بەکاربەر و بەرهەمهێنەری خۆماڵی و هاندانی خەڵکە بۆ بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ.
ئیحسان چەلەبی، رێکخەری فێستیڤاڵەکە، بە رووداوی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان دروستکردنی هاوڕێیەتی بوو لەنێوان سفرە و خوانی هاووڵاتییان لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی کە هەن. هەروەها هاندانی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی سوود لە بەرهەمی خۆماڵی ببینن. ئامانجێکی دیکەمان کردنەوەی دەروازەیەک بوو بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران."
فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و رێکخەران پلانیان هەیە ساڵانە دووبارەی بکەنەوە.


