رووداو دیجیتاڵ
لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشاری پارێزگای ورمێ دەست بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، مادەکە لە رۆژهەڵاتی ئێرانەوە براوەتە دوو شارەکە.
جەمال سەلمانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی 04-09-2026، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادەی هۆشبەردا لە سنووری پارێزگاکە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراون کردووە.
بەگوتەی جەمال سەلمانی، ئاگادار کراونەتەوە کە لە رۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەوڵی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ شارەکانی سەردەشت و پیرانشاری ورمێ دەدرێ و هەربۆیە ''دەستبەجێ بەدواداچوونمان کرد و دەرکەوت کەسێک لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا مادەی هۆشبەری شاردووەتەوە و بەرەو ئەو دوو شارە دەچێت.''
وەک فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ گوتی، لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشە دۆزراوەتەوە.
هاوکات دوای وەستاندنی، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 25ـی تەممووز، لانیکەم دەست بەسەر 1.5 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگاکەدا گیراوە.



