رووداو دیجیتاڵ
ئەو تۆمەتبارەی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەشکەنجەی نیلوفەر مجاویری دابوو، لە سنووری بانە دەستگیرکرا. قسەی کەسوکاری تۆمەتبار و ئەو کچەی دواتر گیانی لەدەستدا، سەبارەت بە رووداوەکە دژ بەیەکن. پووری نیلوفەر دەڵێ، ئەو پیاوە دەستدرێژی کردووەتە سەر 11 ژنی دیکە.
ئەمڕۆ شەممە 05-09-2026، عەلیڕەزا هاتفی، داواکاری گشتیی پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، عیزەدین تاهیری، تۆمەتباری ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر نیلوفەر مجاویری تەمەن 28 ساڵ لە سنووری بانە دەستگیرکراوە.
بەگوتەی عەلیڕەزا هاتفی، تۆمەتبار هەوڵی داوە لە بە شێوەی نایاسایی لە سنووری بانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بپەڕێتەوە کە بە هاوکاریی پۆلیسی سنە و ورمێ، توانیویانە رێگری لە هەڵاتنی بکەن.
نیلوفەر مجاویر بەهۆی ئەشکەنجە و تووندوتیژییەکانەوە گیانی لەدەستدا. ئەنوەر تاهیری، برای عیزەدین لەوبارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''براکەم پێشینەی تاوان و نەخۆشیی دەروونی هەیە و ئەم بەیانییە هەواڵی دەستگیرکردنیمان پێگەیشت.''
هاوکات سۆهەیلا مەهدیزادە، پووری نیلوفەر هەواڵی دەستگیرکردنی عیزەدین تاهیری بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە.
چیرۆکی نیلوفەر مجاویر چییە؟
چیرۆکەکە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا دەستیپێکرد، کاتێک نیلوفەر و دایکی بۆ کارکردن و لێکردنەوەی هەڵووژە و سێو چوونە باخێک لە نزیک تەورێز و لەوێ ئەو پیاوە بەناوی عیزەدین تاهیر تەمەن 41 ساڵ دەناسن. کەسوکاری کچەکە دەڵێن، دوای گەڕانەوەیان بۆ پیرانشار، ئەو پیاوە شەوێک بە زۆر و هەڕەشە، نیلوفەر دەڕفێنێت.
مەزهەر مجاویر، برای نیلوفەر، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسە، خوشکەکەمی بە هەڕەشە لەگەڵ خۆی بردووە و پێی گوتبوو، ئەگەر نەیەیت، باوک و براکەت دەکوژم. ئەو پیاوە رۆژی دواتر پەیوەندی بە دایکمەوە کرد و گوتی لە مەهابادین و دەیخوازم. کاتێک قسەمان لەگەڵ خوشکەکەم کرد، گوتی 'باشم'، بەڵام دواتر دەرکەوت کە دەست و قاچی بەستراوەتەوە و بە زۆر پێی گوتراوە وا بڵێت."
بەگوتەی ئەنوەر تاهیری، عیزەدین دوو بۆ سێ ساڵ لە سلێمانیش لە زیندان بووە، دوای ئازادبوونی چووەتە داخوازیی نیلوفەر ''بەڵام دواتر کچەکەی هەڵگرتووە و پێکەوە لە کارگەیەک لە پیرانشار دەستیان بە کارکردن کردووە.''
وەک برای تۆمەتبارەکە سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی نیلوفەر مجاویر دەڵێ: ''دەمەقاڵێیان لێ پەیدا بووە، ئەو کچەش پێشتر نەخۆشی (فێگرتنی) هەبوو و لە هۆش خۆی دەچوو. کاتێک براکەم دەبینێت لەهۆش خۆی چووە، دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێ جێی دەهێڵێت و دەڕوات".
ئەنوەر تاهیر ئاماژەی بەوە کرد، عیزەدین پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کەسوکارەکەی نەبووە و ''10 بۆ 15 ساڵ دەبوو کە براکەم لە باشووری کوردستان و ئێران بوو و بۆ ساتێکیش لە ماڵەوە نەبووە.''
وەک ئەنوەر دەڵێت، براکەی مانگێک و نیو بەر لە ئێستا تەلەفۆنی بۆ کردووە و گوتوویەتی: ''هەندێک پارەم پێبدە و کچێک (نیلوفەر) وەڵامی داومەتەوە و دەچم دەیخوازم. هەرچەندە پێم گوت بۆ تۆ نابێ و تازە لە زیندان ئازاد کراوی، گوێی پێنەدام.''
بەگوتەی برای تۆمەتبار، لە رێگەی تەلەفۆنەوە خێزانی نیلوفەری لە دۆخی دەروونیی عیزەدین ئاگادار کردووەتەوە و دەڵێ: ''تەلەفۆنم بۆ دایکی کچەکە کرد و پێم گوت، ئەو کوڕەی ئێمە نەخۆشیی دەروونی هەیە، بۆ خزمایەتیکردن نابێ، گوتم تکایە ئەگەر ئاگاداری لەم بابەتە، وازی لێبێنن، ئێمە باشتری دەناسین و تووشی ئابڕووچوونتان دەکات، بەڵام دایکەکە وازی نەهێنا.''
ئەوە لەکاتێکدایە، سوهەیلا مەهدیزادە، پووری نیلوفەر قسەکانی ئەنوەر رەت دەکاتەوە و دەڵێت: ''قسەکانی سەرلەبەری درۆن. فریشتەی دایکی نیلوفەر ئاگاداری بابەتەکە نەبووە و عیزەدین ئەو کچەی بە زۆر و فێڵ رفاندووە.''
پووری نیلوفەر دەڵێ، کاتێک دۆسیەکە لە رووداو باس کرا، خەڵک کاردانەوەی زۆر بووە و بابەتەکە بڵاوبووەتەوە، ''بۆیە ئەوان (کەسوکاری عیزەدین) ئێستا ناچارن خۆیان باش نیشان بدەن، ئەگەرنا لەو ماوەیەدا کە ئەو کچە رفێنرابوو، هیچ کەس تەلەفۆنی بۆ ماڵی باوکی نیلوفەر نەکردووە، تاوەکو دوو رۆژ بەر لە رووداوەکە.''
''براکەم نزیکەی 19 ژنی هێناوە''
عیزەدین تاهیریی تەمەن 41 ساڵ پێشینەی تاوانی هەیە و وەک براکەی دەڵێت: ''نزیکەی 10 ساڵ لەمەوپێش کەسێکی دیکەیشی کوشتووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 19 ژنی هێناوە، بەڵام هەر کامەیان شەوێک یان مانگێک لای بووە.''
ئەنوەر سەبارەت بەو کەسەی براکەی پێشتر کوشتوویەتی گوتی: ''ئەویش بە هەمانشێوە ژنی بوو، لە ماڵدا لە نەغەدە شەڕی لەگەڵ کردبوو، بە دارێک لە سەری دابوو، دواتر بردبوویە نەخۆشخانە، بەڵام دوای هەفتەیەک گیانی لەدەستدا.''
بەگوتەی براکەی، لەسەر کوشتنی ژنی پێشووی، عیزەدین دەستگیرکرا، بەڵام تەنیا شەش ساڵ لە زیندان بوو و دواتر ئازاد کرا.
''دەستی راکێشاوە و بە زۆر بردوویەتی''
سۆهەیلا مەهدیزادە باسی ساتی دیارنەمانی نیلوفەر مجاویر دەکات دەڵێت: ''زۆر کچێکی سادە و ساکار بوو، یەک هاوڕێیشی نەبوو. عیزەدین شەوێک بە فێڵ بانگی کردە بەر دەرگا و بە زۆر لەگەڵ خۆیدا بردی.''
سۆهەیلا گوتی: ''عیزەدین کەسێکی زۆر بێ پارە بوو، فێڵی لە نیلوفەر کردووە و گوتوویەتی، کارتی بانکییەکەتمان پێویستە بۆ بەڵگەنامەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و بیهێنە بەر دەرگا، دواتر هەر لەوێ دەستی بە زۆر راکێشاوە و بردوویەتی.''
پووری نیلوفەر وەک بەڵگەیەک بۆ رفاندنی کچەکە لەلایەن عیزەدینەوە دەڵێت: ''بەڵگە هەیە کە دوای رۆیشتنیان تەباخەکە نەکوژابووەوە، تەنانەت کەلوپەلی خۆی دانابوو کە بۆ بەیانی لەگەڵ دایکی بچێتە سەر کار و بەڵگەی سێیەم ئەوەیە کە کارتە بانکییەکەی بردووە.''
سۆهەیلا مەهدیزادە ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەو شەوەی نیلوفەر "رفێنراوە، بۆ بەیانی مۆبایلەکەی فرۆشراوە و پارەی نێو کارتە بانکییەکەشی دەرهێندراوە و تەنانەت عیزەدین ئەو زێڕەی کە بە نیلوفەرییەوە بووە، فرۆشتوویەتی''.
بەگوتەی سوهەیلا، دوای کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان، کە زانیویانە نیلوفەر لە ماڵ نەماوە، تەلەفۆنیان بۆ کردووە، بەڵام مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە، ''دواتر عیزدەین تەلەفۆنی بۆ دایکی کردووە و گوتوویەتی بەدوای کچەکەتاندا مەگەڕێن، هەڵم گرتووە و بە خواستی خۆی هاتووە. بە زەبری هەڕەشە و ئەشکەنجە ئەو کچەیشی ناچار کردووە ئەوە بڵێت.''
پووری نیلوفەر ئەوەشی خستەڕوو، دوای 9 رۆژ لە شاردنەوەی، عیزەدین ئەو کچەی گەیاندووەتە بنکەیەکی تەندروستی لە گوندێکی نزیک پیرانشار و رایگەیاند: ''هیچ کام لە کەسوکاری ئێمە ئەو کوڕە ناناسن، دواتر زانیمان کە پێشتریش ژنێکی کوشتووە.''
بەگوتەی پووری، لە یەکەم رۆژەوە نیلوفەر لەلایەن عیزەدینەوە ئەشکەنجە دراوە و رایگەیاند: ''پزیشکەکان دەڵێن، ئاسەواری ئەم ئەشکەنجە هی یەک رۆژ و دوو رۆژ نییە.''
سوهەیلا مەهدیزادە ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ کام لە ئەندامانی خێزانی عێزەدین پەیوەندییان بە کەسوکاری نیلوفەرەوە نەکردووە و گوتی: ''باوکی کە پێشتر بەهۆی کێشەیەکی داراییەوە لە زیندان بوو و ئێستا بە کەفالەت ئازاد کراوە، چەندین جار تەلەفۆنی بۆ عیزەدین کردووە، دوایین جار وەڵامی داوەتەوە و هەڕەشەی لێکردووە کە ئەگەر لێی بکۆڵنەوە، ئەوە کڵاشینکۆفی هەیە و دەیانکوژێ.''
''دەسترێژی کردووەتە سەر 11 ژنی دیکە''
پووری نیلوفەر باس لە کەسایەتیی خوشکەزاکەی دەکات و دەڵێت: ''کەسێکی زۆر ساکار و شەرمن بوو. تاوەکو قسەت لەگەڵ نەکردبایە، هیچی نەدەگوت. تەنانەت مۆبایلێکی سەرەتایی پێبوو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیاڵ میدیای بەکارنەدەهێنا.''
سوهەیلا مەهدیزادە ئەوەشی خستەڕوو، کەسوکاری نیلوفەر سکاڵایان لەسەر عیزەدین تۆمار کردووە و رایگەیاند: ''بەداخەوە ئەو کەسە کە دۆسیەی تاوانی دیکەی هەبووە و کەسی دیکەی کوشتووە، تاوەکو ئێستا بە ئازادی گەڕاوە.''
وەک پووری نیلوفەر دەڵێت، جگە لەم دۆسیەیە، 11 ژنی دیکە سکاڵایان لەسەر عیزەدین تاهیری تۆمار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی دەستدرێژی کردوونەتە سەر.
بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی نیلوفەر بگەڕێندرێتەوە پیرانشار. پووری داوا لە خەڵکی شنۆ و پیرانشار دەکات، بچنە پێشوازیی تەرمەکە بۆ سێڕییانی جەڵدیان، بۆ ئەوەی رووداوەکە دەنگدانەوەی زیاتری هەبێت.
نیلوفەر مجاویر لەکاتێکدا لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ لە ژێر چاودێریی چڕدا بوو و مێشکی بە تەواوی لەکارکەوتبوو، دوێنێ هەینی لەلایەن خێزانەکەیەوە دڵ و گورچیلەکانی بەخشرانە نەخۆشانی دیکە، بەو هیوایەی "رۆحی کچەکەیان زیندوو بمێنێتەوە."



.jpg&w=3840&q=75)