رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوە هاتووچۆکەی پارێزگای سنە گەیشتە 13 کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرا لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی لەسەر رێگەی سنە – هەمەدان و تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
سەرچاوەیەک لە مانگی سووری سنە بە رووداوی گوت، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 13 کەس، کە لەنێویاندا ژن و دوو منداڵ هەن کە یەکێکیان منداڵی شۆفێری تانکەرەکە بووە.
سەرپەرشتیاری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە ئاماژەی بەوە کرد، چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە رەوانەی شوێنەکە کردووە.
بەهۆی ئەوەی تانکەرەکە سووتەمەنیی بارکردووە، پڕۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە سەخت بووە. ئازاد کەرەمی، لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و قەبارەی زیانەکان گوتی: "وردەکاریی تەواو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە لەلایەن خزمەتگوزارییەکانی ئاگرکوژێنەوەی سنە و لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە."


