رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، نزیکەی کاژێر 5:00ی ئێوارە، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە پارێزگای سنە، لەسەر رێگەی سەرەکیی هەمەدان روویدا، لە ئەنجامدا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 7ی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر (تانکەری سووتەمەنی) و ئۆتۆمبێلێکی جۆری قەمەرە (سواری) روویدا، دەستبەجێ تانکەرەکە کڵپەی کرد و گڕی گرت، بەهۆیەوە زیانی بە چەندین ئۆتۆمبێلی دیکەش گەیاند.
یاسین زەمانی، چالاکڤانی سڤیل، دوای رووداوەکە دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنەکە و لەکاتێکدا هێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ هاونیشتمانییان دەڵێ: "ئێرە پولیس رای هەمەدانە، ئێمە خۆمان هەر لێرە بووین، ماشین سەنگینێک (بارهەڵگر) هات، دەقیق نەماندی، وەلێ بە ئیحتماڵی فرە تەکی 206ێکدا (قەمەرە) خواریان بەیەک."
یاسین زەمانی گوتی: "تانکەرە نەفتەکە سوزیا، ئیستا خەریکن کۆنترۆڵی ئەکەن، ئێمە رانەندەی 206ـەکەمان بینی لە تەک ماشین سەنگینەکەدا."
هاونیشتمانییەک: ئۆتۆمبێلێکم سووتا کە بەدبەختیی 28 ساڵەی منە
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە چووە شوێنی رووداوەکە و گوێی لە زیانبەرکەوتووان گرت. یەکێک لەوانە زیانی بەرکەوتووە قسەی بۆ کرد و گوتی: "ئێمە گشتمان کاریگەرین.. کاریگەر کە نە باوکی پووڵی هەس با پێی و نە خاڵۆی، نە مامۆی و نە قەوم و کەس.. 28 ساڵ عومرمە، ئەو ماشینە (ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە رووداوەکەدا سووتاوە) بە تەواو بەدبەختی 28 ساڵەی منە."
ئارەش لهۆنی لە وەڵامدا بەو هاونیشتمانییە و زیانبەرکەوتووەکانی گوت: "من بەیانی چاوەڕێتانم." واتە پارێزگار لەگەڵ زیانبەرکەوتوواندا کۆدەبێتەوە.
راگەیاندنی ماتەمینی گشتی
لە رووداوکەدا 18 قوربانی هەن (11 گیانلەدەستدان و 7 بریندار) کە لەنێویاندا دوو منداڵ و ژنیش هەن.
زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، جەستەیان بە تەواوی سووتاوە. پارێزگاری سنەش، دوو رۆژ ماتەمینیی سەرانسەریی راگەیاند.
سەرپەرشتیاری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە ئاماژەی بەوە کرد، چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە رەوانەی شوێنەکە کردووە.
بەهۆی ئەوەی تانکەرەکە سووتەمەنیی بارکردووە، پڕۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە سەخت بووە. ئازاد کەرەمی، لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و قەبارەی زیانەکان گوتی: "وردەکاریی تەواو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە لەلایەن خزمەتگوزارییەکانی ئاگرکوژێنەوەی سنە و لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە."


