رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە و دوای ئەوە، هەموو چەکێک دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و گفتوگۆکانیش لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن.
رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی عەلی زەیدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 30ـی ئەیلوول، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەتەواوی دەکشێنەوە، ئەمەش جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە لەنێوان حکومەتی پێشوو و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراوە."
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی عەلی زەیدی زۆر پێداگیرە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی کشانەوەکە و گوتی: "لایەنی ئەمریکی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و کشانەوە لە وادەی دیاریکراودا دەربڕیوە." ئەم کشانەوەیە تەواوی هێزەکان و سیستمە بەرگرییەکانیش دەگرێتەوە کە پێشتر لەسەری رێککەوتن کراوە.
سەبارەت بە پرسی چەکدانانی گرووپەکان و ئەو لایەنانەی مەرجیان هەیە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، پرۆسەی رێکخستنی چەک لە قۆناخی دوای کشانەوەکە دەبێت: "دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی گشتگیر دەکرێ بۆ ئەوەی هەموو چەکێک بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."
ئەعرەجی دڵنیایی دا لێکتێگەیشتنەکان لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق بەرەو باشی دەڕۆن و گوتی: "گفتوگۆکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە. لیژنەی تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیراندا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە."
سەبارەت بە کشاندنەوەی سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، کشانەوەکە سەرجەم سیستمە بەرگرییەکانیش دەگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کشاندنەوەی هێز و سیستمە بەرگرییەکان قۆناخ بە قۆناخ دەستی پێکردووە.
30ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، وەک وادەی جێگیر و کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و تەواوکردنی کشانەوەی هێزەکانیان دانراوە، کە لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای عێراق هاتوونەتە وڵاتەکە.


.png&w=3840&q=75)
