رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەستپێدەکاتەوە.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی، رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە بڕیاری داوە رۆژی پێنجشەممە 10ـی ئەیلوول دانیشتنی دەستگیرکراوانی لالەزار بکرێت".
سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان، دانا تەقیەدین گوتی: "بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون، بەڵام ئەم جارە لەسەر مادەی 56 دادگایی دەکرێن، کە تایبەتە بە رێککەوتن بۆ تاوانێکی کوشتن".
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێ، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جناية) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و یەک ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحة) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیر کران.


.png&w=3840&q=75)
