رووداو دیجیتاڵ
نەزاکەت حوسێن، لە پەرلەمانی عێراق سوێندی دەستووریی خوارد و لە شوێنی ئەشواق جاف بووە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
نەزاکەت حوسێن، ئەندامی نوێی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026،بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دا، وەک پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی سوێندی دەستوورییم خوارد و دەستبەکار بووم."
بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026 ، نەزاکەت حوسێن حەمە سەعید، بەربژێری لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، وەک جێگرەوەی ئەشواق نەجمەدین جاف دیاریکرا.
نەزاکەت حوسێن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دا لە بازنەی سلێمانی، دوو هەزار و 168 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەگوێرەی یاساش دەبێتە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆن دوای وردبینیی یاسایی و لەسەر داوای ئەمینداریەتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق دراوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆیە و ئەندامی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوول بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، چوومە ناو کاری دیپلۆماسی و ئەرکی باڵیۆزی کۆماری عێراقم وەرگرت."
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکەی، دەستی لە ئەندامێتیی پەرلەمان کێشاوەتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکانیشی لە ناو پەرلەمان کۆتایی پێهێناوە.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە، مردن یان وەرگرتنی پۆستێکی دیکە کورسییەکەی چۆڵ بکات، ئەوا دەبێت ئەو بەربژێرەی کە زۆرترین دەنگی لە ناو هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردندا بەدەستهێناوە، شوێنەکەی بگرێتەوە.
نەزاکەت حوسێن، بەوپێیەی خاوەنی بەرزترین دەنگی دوای ئەشواق جاف بووە لە لیستی پارتی لە سلێمانی، بووە نوێنەری نوێی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق.

