رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە "سێ درۆن" هێرش کرایە سەر کەمپی بنەماڵەکانی کۆمەڵە لە سوورداش.
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە رایگەیاند، هێرشەکە کاژێر 4:40ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 07-09-2026، بوو. دەشڵێت، "بەخۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بنەماڵە و هاوڕێیانمان سەلامەتن، بەڵام زیانی مادی هەن".
عەلی رەنجبەری باسی لەوە کردووە، "ئەم پەلامارانە لە حاڵێکدا بەشێوەی بەردەوام ئەنجام دەدرێن کە جگه لە ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل، هیچ بنکەیەکی سەربازی و حیزبی لەو شوێنەدا بوونی نییە".
هاوکات ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەوە، ژمارەیەک بارەگا و خانوو سووتاون، "بەڵام بەهۆی ئامادەباشی و جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پاراستن، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە توانیویانە خۆیان بە سەلامەتی بپارێزن".
باسی لەوەش کردووە، "ئەم هێرشە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامییە دژی مەقەڕ و بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان".
بەگوتەی ئەمجەد پەناهی، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە تاوەکو ئێستا، بە 108 مووشەک و درۆن بارەگا و کەمپەکانیان کراونەتە ئامانج.


