رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و بڕیارە لە سێ رۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لایەنی سیاسی، کەسایەتیی ئایینی و نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان کۆببێتەوە.
بەیانیی رۆژی دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و شاندێکی یاوەری گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی کارنامەکە، لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا عەممار حەکیم زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی دەکات. سەرەتا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر بەشداری بەشداری لە پرسەی شێخ عەبدولواحید بارزانی کرد.

بڕیارە ئەمڕۆ، عەممار حەکیم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و دواتریش لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی رەوتی حیکمە لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆدەبێتەوە. کۆتایی بەرنامەی رۆژی یەکەمی بۆ دیدار لەگەڵ پیاوانی ئایینی کریستیان و سەردانی تەکیەی شێخ عەبدولقادر بەرزنجی تەرخان دەکات.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 05:00ی دوانیوەڕۆ عەممار حەکیم سەردانی مامۆستا عەلی باپیر بکات."
بەگوتەی عەبدولستار مەجید، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێن.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوول، عەممار حەکیم سەردانی پارێزگای دهۆک دەکات. لەوێ لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک کۆدەبێتەوە. عەممار حەکیم دیداری لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دەبێت. هەروەها سەردانی (چایخانەی ماڵی شەهیدان) دەکات، وەک شوێنێکی رەمزی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی دەڤەرەکە.
بڕیارە لە رۆژی سێیەم و کۆتایی سەردانەکەیدا، عەممار حەکیم لە هەولێر بەردەوام بێت لە دیدارەکانی. کارنامەکەی سەردانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەخۆدەگرێ. دوای زنجیرەیەک دیداری دیکە لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری هەولێر، ئێوارەی هەمان رۆژ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێتەوە بەغدا.


