رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک کەرتی پەروەردە بەدەست کەمیی بینای قوتابخانەکانەوە دەناڵێنێت؛ پارێزگاکە پێویستی بە زیاتر لە 700 بینای نوێ هەیە تاوەکو کۆتایی بە دیاردەی سێ دەوامی و چوار دەوامی بهێنرێت. خوێندنی کوردی لەنێو ئەم قەیرانەدا زەرەرمەندی یەکەمە، بەو پێیەی زۆربەی قوتابخانە تێکدراوەکان نۆژەن نەکراونەتەوە و گەڕەکە کوردییەکانیش کەمترین پشکیان لە بینا نوێیەکان بەرکەوتووە
لە گەڕەکی رەحیماوا، بناغەیەکی جێهێڵراوی قوتابخانەی "شیرین" بووەتە شوێنی یاریکردنی منداڵان. لەسەردەمی ئیدارەی راکان جبووری بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام دوای هاتنی دوو پارێزگاری دیکەش، هێشتا خەونی بینایەکی نوێ بۆ قوتابیانی ئەم ئامادەییە نەهاتووەتە دی.
ئامادەیی شیرین کە ئەمساڵ یەکێک لە قوتابییەکانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق و کەرکووک بەدەستهێنا، چوار ساڵە لە بینایەکی بچووکی سەرەتاییدا و لەگەڵ دوو قوتابخانەی دیکە بە شێوازی "سێ دەوامی" دەخوێنن. دانیال محەممەد، توێژەری دەروونی لە ئامادەییەکە دەڵێت: "قوتابییەکانمان لە سەرچنار و سۆنەگۆلییەوە دەیان کیلۆمەتر دەبڕن تاوەکو دەگەنە دەوام، لێرەش تەنیا لە سەعات 1 بۆ 5 کاتمان هەیە کە زۆر کەمە."
خوێندنی کوردی پشتگوێ خراوە کێشەی کەمیی بینا لە خوێندنی کوردیدا قووڵترە. کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک بە (رووداو)ی راگەیاند: "زیاتر لە 30 قوتابخانەی کوردی سێ دەوامین، ئەو قوتابخانانەشی پێشتر تێکدراون چاک نەکراونەتەوە. کێشەی باڵەخانە لای ئێمە کۆتایی نایەت و کەسیش ئاوڕمان لێناداتەوە."
ئاماری قوتابخانەکان لە کەرکووک:
- کۆی ناوەندەکانی خوێندن: 2,500 (باخچە و قوتابخانە).
- ژمارەی بیناکان: 1,600 بینا.
- کورتهێنان: 700 بۆ 900 بینای نوێ.
- دۆخی دەوام: سەتان قوتابخانە دوو دەوام و سێ دەوامین؛ تەنانەت 6 بینا هەن کە چوار دەوامییان تێدایە.
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک، ئاشکرای دەکات کە بەهۆی نەبوونی بودجەوە نە پلانی نوێیان هەیە و نە دەتوانن ئەوانەی پێشووش تەواو بکەن. ئەو دەڵێت: "بۆ ئەوەی کۆتایی بەم قەرەباڵخییە بهێنین، پێویستمان بە شەسەد بۆ حەوت سەد بینای نوێیە."
جگە لە کەمیی ژمارەی بیناکان، کوالێتیی زۆربەی بینا کۆنەکانیش لە ئاستێکی مەترسیدادایە و بۆ خوێندن گونجاو نین، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی قوتابیان و مامۆستایان دروست کردووە

