رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی رووداو، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئابووریی وان، کێشەکانی بازرگانیی سنوور و ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا لەو شارە جێبەجێ بکرێن.
سەبارەت بە دەنگۆی داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانی وان، نەجدەت تەقوا رایگەیاند، "لە ساڵی 2013 ژمارەی ئەندامانی ژووری بازرگانیی وان 13 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 24 هەزار، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە ماوەی 10 ساڵدا ژمارەی ئەندامان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە و جووڵەیەکی ئابووری بەردەوام لە شارەکەدا هەیە."
یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی وان کە نەجدەت تەقوا باسی کرد، پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازیی ئاژەڵدارییە. ئەم پڕۆژەیە لەسەر رووبەری 4 ملیۆن مەتر دووجا دروست دەکرێت و توانای لەخۆگرتنی 4 بۆ 5 هەزار سەر ئاژەڵی دەبێت: "چاوەڕوان دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی کار و داهات بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و کەرتی ئاژەڵداری لە وان پێشبخات."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی وان جەختی لە گرنگیی دەروازە سنوورییەکان کردەوە، بەتایبەتی دەروازەی کاپیکۆی (Kapıköy) و هەوڵەکان بۆ کردنەوە و چالاککردنی دەروازەکانی دیکەی وەک ئەڵباک (Albayrak) و گەلینجک (Gelincik) لەگەڵ ئێران. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیانە پەیوەندییە بازرگانییەکانی وان نەک تەنیا لەگەڵ ئێران، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دیکەی وەک ئەرمینیاش پەرەپێبدەن.
تەقوا باسی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دیکەی کرد کە رێگەی نێوان وان و شرناخە و دەیانبەستێتەوە بە دەروازەی سنووریی خابوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەو گوتی: "رێگەی وان - شرنەخ بۆ ئێمە هێڵی سوورە." جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانیی نێوان وان و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و کات و تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان کەم بکاتەوە.
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە گیرابوون لە گەشتکردنی شاندێکی ژووری بازرگانی بۆ ئەرمینیا، نەجدەت تەقوا روونی کردەوە کە ئەو شاندە 85 کەس بوون کە 55 کەسیان لە لایە حکومەتی ئەرمنەستانەوە بانگهێشتکرابوون و میوانی ئەوان بوون و تەنیا 25 کەس لەسەر حسابی ژووری بازرگانی وان بەشدارییان کردووە جەختیکردەوە و مەبەست لە گەشتەکەش لێکۆڵینەوە بووە لە بازاڕی ئەرمینیا و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی بازرگانی بۆ بازرگانانی وان، چونکە ئەرکی ژووری بازرگانییە کە رێگەی نوێ بۆ ئەندامانی بکاتەوە.
نەجدەت تەقوا، هیوای خواست کە ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە بە زوویی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی وان پێگەی ئابووریی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.


