رووداو دیجیتاڵ
رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێ، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بنەڕەتی و نیشتمانی لە سەقامگیریی عێراقدا دەگێڕن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، عەممار حەکیم بە فەرمی سەرۆک بارزانی بانگهێشتی بەغدا کردووە.
رۆژی دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە لە بووڵتەنی کاژێر 22:30ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "بەشداربوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا وەرچەرخانێکی گرنگە."
چەند مانگێکە نێچیرڤان بارزانی لە بەشی زۆری کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری دەکات.
سەباح ساڵحی دەڵێت: "ئامادەبوونی جەنابی نێچیرڤان بارزانی وایکردووە کێشەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بێ نێوەندگیر لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننەکاندا باس بکرێن و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خێراکردنی چارەسەرەکان هەبووە."
ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەش کرد، عەممار حەکیم وەک "سەرکردەیەکی نیشتمانیی عێراقی" تەماشای سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و گوتی: "سەیید حەکیم بە فەرمی داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە سەردانی بەغدا بکات، چونکە پێی وایە ئامادەبوونی جەنابیان لە بەغدا نەوەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو عێراقییەکان مایەی دڵنیایی و سەقامگیرییە."
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵحی باسی لەوە کرد کە سەرۆکوەزیران بە وردی و بە داتاوە کێشەکانی نێوان هەولێر و وەزارەتی دارایی عێراقی خستووەتەڕوو. ساڵحی گوتی: "دوای گوێگرتن لەو وردەکارییانەی بەڕێز مەسرور بارزانی باسی کردن، سەیید حەکیم بەڵێنی دا لە بەغداوە گوشار بخاتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و مووچە تێکەڵی ململانێ نەکرێ."
سەباح ساڵحی باسی لەوەش کرد کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، جیاکارییەکی تەواو کراوە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و دامەزراوەیەکی یاسایی و دەستوورییە، هەربۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشمەرگە وەک هێزێکی رێکخراو دەبێت، نەوەک وەک ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن."
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە هەولێر و هەر دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و عەممار حەکیم رایگەیاند: "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا؛ هەروەها رۆشنایی خرایە هەر هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق".
هەر دوێنێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەیید عەممار ئەلحەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری کرد.
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "لە دیدارێکدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە کردەوە، هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ حکومەتی فیدراڵی لەپێناو سەرخستنی ئەرک و کارنامەکەیدا دووپات کردەوە".


