رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان چەقبەستووە و گەشبین نییە بەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا، کشانەوەی هەموو لایەنەکانە لە پەرلەمانی کوردستان.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هۆکاری راوەستانی جموجووڵەکان رایگەیاند، هۆکارەکەی بۆ دووریی بۆچوونی لایەنەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. عەبدولستار مەجید گوتی: "هەردوولا رازین بە کۆبوونەوە، بەڵام یەکێکیان دەڵێت با کۆببینەوە و گفتوگۆ بکەین، پارتیش دەڵێت پێش کۆبوونەوە با بزانین ئامادەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە یان نا."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانییان گوتووە کە لەگەڵ ئەوەدان "کۆبوونەوەیەک بکرێ و هیچ کەس پێشمەرجی نەبێت." بە گوتەی عەبدولستار مەجید، کۆبوونەوەکە پێویستە بۆ تاوتوێکردنی "دۆخە سیاسییە خراپەکە، دووریی لایەنەکان لە یەکدی و چارەنووسی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق."
لەگەڵ ئەوەشدا، عەبدولستار مەجید گەشبین نییە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا و دەڵێت: "بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، ئێستا بڵێی بەیانی یان هەفتەیەکی دیکە بکرێت، من گەشبین نیم."
عەبدولستار مەجید رەخنەی لە کارانەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان گرت و رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا هێشتا پەرلەمان کۆنەبووەتەوە و سەرۆکایەتیی هەڵنەبژێردراوە. عەبدولستار مەجید پێی وایە باشترین هەڵوێست بۆ ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتین، کشانەوەیە لە پەرلەمان.
سەبارەت بە چارەسەری دۆخی ئێستا، عەبدولستار مەجید جەختی لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە و گوتی: "ئێمە بە راشکاوی نایشارینەوە، چاوەڕێی ئەوەین کە هەڵبژاردن بکرێتەوە." عەبدولستار مەجید ئامادەیی حیزبەکەی نیشاندا کە هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێ، بە مەرجێک "لایەنەکان رێکبکەون کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەمان ئەنجامیان هەبێت هەڵوێستیان چی دەبێت، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەگەر هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بێت و رێکوپێک بێت، ئێمە بەڕاستی ئەو کاتە داوای لێبووردن لە خەڵک دەکەین و دەڵێین نەمانتوانی لە ئاستی داواکاری و خواستەکانی ئێوەدا بین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان بەڵگەیان لەسەر "ساختەکاری" لە هەڵبژاردنی رابردوودا هەیە و ئەو بەڵگانەیان داوەتە کۆمیسیۆن، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆنسووڵخانەی وڵاتان.


