رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بڕیارێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاری ماڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ کاری بازرگانی قەدەخە کرا و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
بەپێی نووسراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە ژمارە 11711ـە و لە 3ی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە؛ تێداهاتووە، چیدیکە رێگە نادرێت وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی بەبێ رەزامەندیی خۆیان و بە مەبەستی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەبارەی ئامانجی بڕیارەکە دەڵێت: "بۆ پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندیی ئەو کرێکارانەیە، تاوەکو نەبنە بابەتی ناوەڕۆکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستی بازرگانیی ئەلیکترۆنی بەکارنەهێنرێن و نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەرامەتیان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە پەیامێکی روونە کە نابێت وێنە و ڤیدیۆی کرێکاران ببێتە کەرەستەی ریکلام، گاڵتە، ناوبانگ دروستکردن یان بەرنامەکانی سۆشیال میدیا. پاراستنی مافی کرێکار تەنیا بە دابینکردنی کار و مووچە کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی شکۆمەندی و ژیانی تایبەتییان مافێکی سەرەکییە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە نابێت لە دەرەوەی پەیوەندیی کار و گرێبەستەکان، کرێکار ناچار بە هیچ کارێکی دیکە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک بگرنەبەر کە وێنە و ڤیدیۆی کرێکاران بۆ مەبەستی بازرگانی و ریکلام بەکاردەهێنن.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی رابردوو، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کارگوزاری ماڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بڵاودەکردەوە و ناچاری دەرکەوتن و قسەکردنیان دەکردن.


