رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2027ـدا داوای نزیکەی 29 ترلیۆن کراوە کە 11 ترلیۆنی بۆ مووچەیە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ لە ئاستی باڵا و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بودجەی فیدراڵ لەلایەن دوو شاندی هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا بەردەوام دەبن؛ شاندەکانی هەرێمی کوردستان زانیاریی زیاتر لەسەر داواکارییەکانیان لە بودجەی 2027 دەخەنەڕوو".
هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، پڕۆژەی پشکی بودجەی ساڵی 2027ی رەوانەی بەغدا کرد. سەرچاوەکەی رووداو گوتی:"بۆ بودجەی ساڵی 2027 داوای 29 ترلیۆن کراوە، لەو ژمارەیە زیاتر 11 ترلیۆن بۆ مووچە داواکراوە، بۆ بودجەی وەبەرهێنانیش داوای پێنج ترلیۆن کراوە".
"داوای دامەزراندنی گرێبەستانیش کراوە"
سەبارەت بە پرسی دامەزراندن و شایستەی فەرمانبەران، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ دامەزراندن، داوای نزیکی 24 هەزار پلەی دامەزراندنی کردووە واتە دامەزراندنی نوێ، داوای بەهەمیشەییکردنی 59 هەزار گرێبەست کراوە لە بودجەی 2027، شاندەکە لەسەر ئەو داواکارییانە گفتوگۆ دەکەن، تاوەکو ئەم پرسانە جێبەجێ بکرێن".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە.
ئەجیندای کۆبوونەوەکان چییە؟
7ـی ئەیلوول شاندێک لە ژمێرکاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد. دوێنێ سێشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی دیکەی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان گەیشتە شاری بەغدا.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" پێکهاتووە لە گەنگەشەکردن و گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی 2027 وەک مووچە، خەرجییەکانی بەکارخستنی حکومەت و داهاتی 2027".
شاندەکە پێکهاتووە؛ لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە.
لە بودجەی 2027ـدا داوای چی کراوە؟
20-8-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.
وەزارەت رایگەیاند: "لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:
• دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
• دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا.
•دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.
• جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو.
• هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.
• هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان.




