رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری وەبەرهێنان و کارپێکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای حەسەکە بە رووداوی راگەیاند، دۆخی کارەبا لە پارێزگاکە "زۆر خراپە" و بۆ چارەسەرێکی درێژخایەن، دروستکردنەوەی هێڵی مەبروکا بە هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینێت.
سەلاح برۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پێویستیی راستەقینەی پارێزگای حەسەکە رۆژانە 500 مێگاوات کارەبایە، بەڵام ئەو بڕەی ئێستا لە بەنداوی تشرینەوە دەگاتە ناوچەکە تەنیا لە نێوان 50 بۆ 60 مێگاواتدایە. ئەم کەمییە گەورەیە بووەتە هۆی ئەوەی رۆژانە تەنیا نزیکەی 4 کاژێر کارەبا بەسەر هاونیشتمانیان دابەش بکرێت.
برۆ گوتی، "شارە گەورەکانی وەک حەسەکە و قامشلۆ دوو ساڵە لە دۆخێکی بێ کارەبادان، چونکە کارەبا زۆر کەم دەهات. زیاتر لە 8 ساڵە کارەبای نیشتمانی بە شێوەیەکی رێکوپێک نەبووە، کە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە بوو." هەروەها کێشەکانی وەک دزینی کارەبا و تێکچوونی وێستگەکان دۆخەکەیان قورستر کردووە.
بابەتی کارەبا، بەتایبەتی لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ، بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی هاونیشتمانیان، نیگەرانن لە کەمیی کاژێرەکانی کارەبا و مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
سەرەڕای گەیشتنی 14 گۆڕەری کارەبایی (محاویلە)ی نوێ بۆ ناوچەکە، برۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمە تەنیا دابەشکردنی کارەباکە باشتر دەکات، نەک بڕەکەی زیاد بکات.
سەلاح برۆ هیوادارە "لە ماوەی مانگێکدا" دوای دانانی ئەم گۆڕەرانە، کارەبا باشتر بگاتە هاونیشتمانیان. هەروەها روونیکردەوە: "ئەم گۆڕەڕانە بڕی کارەبا زیاد ناکەن، بەڵکو یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی کارەبا باشتر بگاتە خەڵک. ئەو کەسانەی بەهۆی تێکچوونی گۆڕەرەکانەوە بێ کارەبا مابوون، سوود لەو 4 کاژێرە وەردەگرن."
چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کارەبا بە پڕۆژەیەکی ستراتیژییەوە بەندە: دروستکردنەوەی هێڵی "مەبروکا". برۆ ئاماژەی بەوە کرد ئەم هێڵە، کە لە ساڵانی رابردوودا لەکارکەوتبوو، پاڵەپەستۆیەکی بەرزی هەیە و دەتوانێت دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت و گوتی، "بەڵێن هەیە ئەم هێڵە نۆژەن بکرێتەوە. ئەگەر بکەوێتەوە کار، نزیکەی 150 مێگاوات کارەبا دێت و هیوادارین بتوانین رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتیان." بە گوتەی برۆ، ئەم پڕۆژەیە سەر بە وەزارەتی وزەی سووریایە و چاوەڕوان دەکرێت "لە ماوەی سێ مانگدا" تەواو بێت.
لەبارەی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان، سەلاح برۆ رایگەیاند ئەم بابەتە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا نییە و پەیوەندیی بە شارەوانییەکانەوە هەیە.
لەسەر پرسیاری نرخی کارەبای نیشتمانی، گوتی، "تائێستا هیچ پارەیەک لە هاونیشتمانیان وەرنەگیراوە و پێناسەی نرخ دانەنراوە. تاوەکو کارەبا کەم بێت، نرخیش کەم دەبێت."
برۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، تائێستا هیچ کۆمپانیایەکی نێوخۆیی یان نێودەوڵەتی بەفەرمی داواکاری بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا پێشکەش نەکردووە، بەڵام رێکخراوە مرۆییەکان لە بواری دابینکردنی کەرەستەدا هاوکاری دەکەن.



