رووداو دیجیتاڵ
زەینەلعابدین گویلسێڤەر، سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هۆشداری دەدات لەوەی ئامەد رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار بووەتەوە و رایدەگەیێنێت، "دەستێکی تێکدەر هەوڵی ناشرینکردنی سیمای مێژوویی شارەکە دەدات."
گویلسێڤەر لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 15:00ـی رووداودا باسی لەوە کرد کە ئامەد رووبەڕووی سێ دیاردەی مەترسیدار بووەتەوە کە بریتین لە: "بڵاوبوونەوەی بێپێشینەی مادەی هۆشبەر، سەرهەڵدانی تاقمی چەتەگەری و سەرانەسەندن لە کاسبکاران، لەگەڵ زیادبوونی دیاردەی خۆکوشتن."
سەرۆکی لقی ئامەدی هوداپار پێی وایە، "دەستێکی پیس و تێکدەر دەیەوێت ئەم شارە تێکبدات و نەهێڵێت بە ئارامی گەشە بکات."
گویلسێڤەر باسی لە هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکان کرد و گوتی: "چەندین مانگە گرووپی پێنج بۆ شەش کەسی لە گەنجان بە چەک و دەمانچەوە دەبینرێن، بە زەبری هێز پەلاماری دووکان و کاسبکاران دەدەن و پارە و سەرانەیان لێ دەستێنن."
سەرۆکی لقی ئامەدی هوداپار رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی دەزگا ئەمنییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک خەڵک سکاڵا دەبەنە لای لایەنە فەرمییەکان، وەڵامیان دەدرێتەوە کە "بەڵگەتان چییە؟" یان پێیان دەگوترێت "تاوەکو کێشەکە گەورە نەبێت و یەکتر نەکوژن دەستێوەردان ناکەین." گویلسێڤەر گوتی: "ئێمە دەڵێین دەبێت پێش رژانی خوێن چارەسەر بدۆزرێتەوە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی هوداپار لە ناوچەکانی (سوور، باغلار و کایاپنار)، دیاردەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، مادەی هۆشبەر بە ئاشکرا لە پێش چاوی خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێل و سەر شەقامەکان مادە و کحوول بەکاردەهێنرێت. گەنجان بە چەکەوە کاسبکاران بێزار دەکەن و سەرانەیان لێوەردەگرن، بەهۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە گەنجان سامانیان لەدەست دەدەن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
سەبارەت بە سەرچاوەی گرووپەکان، سەرۆکی لقی ئامەدی هوداپار دەڵێت، بەشێکیان لە دەرەوە و لە ئەورووپاوە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئاراستە دەکرێن. هەروەها داوای کرد شارەوانییەکان کۆنترۆڵی پارکەکان بکەن، چونکە "دوای کاژێر 10ـی شەو خێزان ناتوانێت پێ بخاتە ناو پارکەکان."
سەرۆکی لقی ئامەدی هوداپار پێی وایە، ریشەکێشکردنی ئەم دیاردانە تەنیا بە هێزی پۆلیس ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتەکانی پەروەردە و وەرزشە.

