رووداو دیجیتاڵ
تەرمی خوێندکارێکی دکتۆرای خەڵکی هەڵەبجە، کە بۆ خوێندن لە چین بوو، لە رووبارێکی شاری چینگداو دۆزرایەوە؛ لەکاتێکدا پێشتر لە تۆمارێکی دەنگیدا باسی لەوە کردبوو کە لەلایەن هاوژوورە رووسییەکەیەوە هەراسان دەکرێت و ترسی ئەوەی هەبووە "شتێکی لێبکەن."
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، تەرمی محەممەد سەعدەدین هادی، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشیانی چین، کاژێر 05:56ـی بەیانی لە رووبارێکدا دۆزرایەوە.
تۆمارە دەنگییەکانی محەممەد؛ "ترسم هەیە شتێکم لێبکەن"
محەممەد سەعدەدین پێش گیانلەدەستدانی لە چەند تۆمارێکی دەنگیدا کە دەست "رووداو" کەوتووە، باسی کێشەکانی لەگەڵ هاوژوورە رووسییەکەی دەکات و دەڵێت: "کێشەی زۆرم بۆ دروست دەکات، ناچارم لە ژوورەکەم دەربچم و ژوورێکم بە کرێ گرتووە. فێڵبازە و نەک هەر خۆی، هاوڕێکانیشی کێشەم بۆ دروست دەکەن."
ئەو خوێندکارە کوردە لە تۆمارەکەدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەوان لە پشتەوە کار دەکەن و پێدەچێت شتێک بکەن، بەڵام من بەتەنیام و رووبەڕوویان دەبمەوە."
هاوڕێیەکی محەممەد بە رووداوی گوت: "گومانمان لە خوێندکارە رووسییەکە هەیە. دەترسین بە فێڵ بردرابێتە ئەو شوێنە و خنکێندرابێت، دواتر فڕێدرابێتە ناو رووبارەکە."
سامی سەعدەدین، برای محەممەد، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد کە زانکۆکەی چین لە ئاست ئاگادارکردنەوەیان و پێدانی زانیاری زۆر کەمتەرخەم بوون. گوتیشی: "محەممەدی برام پێشتر سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکردبوو، بەڵام گرنگییان پێنەدا."
مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین، لەو بەرنامەیەدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بوونی کامێرای چاودێری لە هەموو شوێنێکی چین، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڤیدیۆیی بڵاونەکراوەتەوە. گوتیشی: "پەیوەندیم بە زانکۆکەوە کردووە، بەڵام منیان بلۆک کردووە و هیچ زانیارییەک نادەن."
هەڵوێستی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانە
باڵیۆزخانەی عێراق لە پەکین پشتڕاستی کردەوە کە "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی چین، هۆکاری گیانلەدەستدانەکە خنکانە،" بەڵام جەختیان کردەوە کە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی توێکاریی پزیشکی دەکەن.
هاوکات، کۆنسووڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی چین "دەستبەجێ تیمێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە" و داوایان لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراوە بەدووربگرن.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، باڵیۆزخانەی عێراق بڕیارە شاندێک بنێرێتە شاری چینگداو بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە. گەڕاندنەوەی تەرمەکەش پەیوەستە بە رێکارەکان و ئەگەری هەیە 15 رۆژ بۆ یەک مانگ بخایەنێت.

