رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تەقە لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناحیەی پردێ کرا، دەیان گەنجی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بەشێک لە گەڕەکەکانی ناحیەیەکە سەربازگە کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان دوای لێکۆڵینەوە ئازادکراون، بەڵام چارەنووسی سێ گەنجی دیکە کە هەر سێکیان پێشمەرگەن، نادیارە و کەسوکاریان هیچ زانیارییەکیان لەبارەیانەوە نییە.
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، بە رووداوی گوت: "رۆژێک دوای تەقەکە، هێزە ئەمنییەکان هاتنە ماڵمان و گوتیان کوڕەکەت داواکراوە و گومانی لەسەرە. منیش خۆم بردم و رادەستم کردن."
باوکی ئەو گەنجە دەستگیرکراوە دەڵێت، لەو رۆژەوە هیچ هەواڵێکی کوڕەکەی نازانێت و رێگەی پێنادەن سەردانی بکات. عەبدولڕەحمان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "کوڕەکەم پێشمەرگەیە و ئەو شەوە لە ماڵەوە بوو. کامێرا و بەڵگە و شایەدمان هەیە. دوای ئەوەی خۆم پەیوەندیم پێوەکرد لە بازاڕ بوو، پۆلیس کردوویانەتە نێو ئۆتۆمبێلەوە و بردوویانە بۆ کەرکووک."
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی پردێ بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزێکی زۆری ئەمنی، سیمای سەربازگەیان گرتووە و هەمەری سەربازیی سوپا بە چەکی قورسەوە لەنێو شارۆچکەکەدا جێگیرکراون. زۆرینەی ئەو گەڕەکانەی هێزیان تێدا بڵاوکراوەتەوە، کوردنشینن.
دۆخەکە دانیشتووانی نیگەران کردووە. بەشێکیان دەڵێن، هەراسان بوون و بەشێکی دیکەشیان پێیانوایە، ئەمە کاردانەوەی رووداوەکەیە و کاتییە.
عەلی محەممەد، دانیشتووی پردێ، بە رووداوی گوت: "هەندێک کەس دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا لە زیندانن. خەڵکیش هەیە رۆیشتوون."
بەڵام هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی فوئاد عەبدولواحید، دەڵێت: "بەڕاستی دۆخەکە زۆر خراپە. هیوادارم یەکلاببێتەوە. تۆ بێیت و هەر بگریت و بیبەیت، نابێت. کاتی سەدام وا نەبوو."
بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەوە، ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان پردێیان بەجێهێشتووە و روویان لە هەولێر و کەرکووک کردووە.

