رووداو دیجیتاڵ
لە پیرانشاری پارێزگای ورمێ، پاڵەوانێتیی شەترەنج لەسەر ئاستی ئێران بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی رکابەرییەکە دەڵێت، یاریزانان لە زیاتر لە 17 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بەشدار دەبن.
بڕیارە رکابەرییەکە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی 10 و 11ی ئەیلوولی 2026 لەلایەن دەستەی شەترەنجی پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆڵی وەرزشیی (حیجاب)ی شارەکە بەڕێوەبچێت.
واحید پڕنەخ، یەکێک لە رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رکابەرییەکە لە دوو شێوەی ''برووسکەیی '' (Blitz) و ''خێرا'' (Rapid)ـدا دەبێت.
بە گوتەی واحید پڕنەخ، کاژێر 15:30 خولەکی یەکەم رۆژی رکابەرییەکە واتا ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاڵەوانێتییەکە لە جۆری ''برووسکەیی'' بەڕێوەدەچێت و هەر ئەمڕۆش کۆتایی دێت.
وەک ئەو رێکخەرەی رکابەرییەکە دەڵێت، کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی دووەم رۆژی رکابەرییەکەش پاڵەوانێتیی شەترەنجی ''خێرا'' (Rapid) لە هەمان هۆڵی وەرزشیی شارەکە دەستپێدەکات.
بەشداربوون بۆ سەرجەم یاریزانان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئازادە. واحید پڕنەخ ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە لە هەرێمی کوردستانیشەوە ژمارەیەک یاریزانی شەترەنج بەشداری بکەن.
وەک ئەو رێکخەرەی پاڵەوانێتییەکە دەڵێت، ئەنجامی رکابەرییەکە بۆ فیدراسیۆنی جیهانیی شەترەنج دەنێردرێت و تۆمار دەکرێت، ''هەروەها خەڵات بۆ براوەکان تەرخان کراوە کە زیاترینی تایبەتە بە براوەی یەکەم و هەشت ملیۆن تمەنە (نزیکەی 35 دۆلار).
واحید پڕنەخ ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 104 کەس لە 17 شار و چوار پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی خۆیان بۆ بەشداربوون لە رکابەرییەکە تۆمار کردووە.
پاڵەوانێتیی شترەنج لە شێوەی برووسکەیی و خێرا چۆنە؟
لە رکابەریی شەترەنجدا لە شێوەی برووسکەیی (Blitz)، کاتی دیاریکراو بۆ هەر یاریزانێک زۆر کەمە و لەنێوان سێ بۆ پێنج خولەکدایە بۆ تەواوی یارییەکە. لەم جۆرە رکابەرییەدا، یاریزانان کاتیان نییە بۆ بیرکردنەوەی قووڵ.
هەرچی رکابەریی شەترەنجە لە جۆری خێرا (Rapid)، بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئارامترە لە جۆری برووسکەیی و کاتی زیاتری (10 بۆ 60 خولەک) بۆ تەرخان دەکرێ.



